لە سووریا ٢٣ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە کە ژنان و منداڵانی تێدان

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٣ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە تەرمی ٢٠٣ کەسیان تێدایە لەنێویاندا منداڵ و ژن، لە چەند پارێزگایەکدا، لەگەڵ جیاوازییەکی ڕوون لە ژمارەی قوربانییان و سروشتی شوێنە دۆزراوەکاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

پرۆسەکانی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا پەرەی سەند، کە ئەمەش دۆسیەی بێسەروشوێنبووان و دەستبەسەرکراوان و ئەو قوربانییانەی کە هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نەزانراوە، هێنایەوە پێشەوە.

 

لە سایەی بەردەوامبوونی دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی کە تەرمی کەسانی تێدایە لە چەند پارێزگایەکدا، لەگەڵ جیاوازییەکی گەورە لە ژمارەی قوربانییان و سروشتی ئەو شوێنەی لێی دۆزراونەتەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە دا، کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە ٢٣ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە تەرمی ٢٠٣ کەسیان تێدابووە و بەسەر چەند پارێزگایەکی سووریادا دابەش بوون، لەگەڵ تۆمارکردنی جیاوازییەکی ڕوون لە ژمارەی گۆڕەکان و قوربانییان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە پرۆسەکانی دۆزینەوەی گۆڕەکان و تەرمەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە حەلەب، ڕیف دیمەشق، دێرەزوور، حومس چڕ بوونەتەوە، لە کاتێکدا حاڵەتەکانی تریش لەنێوان دیمەشق، دەرعا، حەسەکە، حەما و ڕەققەدا دابەش بوون، هەروەها ئامارەکە تەرمی ژنان و منداڵانیشی لەخۆ گرتووە، بەپێی وردەکارییەکانی ناو بەدواداچوونە مانگانەکان.

 

ئاماری گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان لە سووریا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە گەیشتە ٢٣ گۆڕی بەکۆمەڵ کە تەرمی ٢٠٣ کەس لەخۆ دەگرێت تا کۆتایی ئاب، بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕوانگەکە، حەلەب بە ٧٠ تەرم لەناو ٣ گۆڕدا لە پێشەنگی ڕیزبەندییەکەدا بوو، دوای ئەویش ریف دیمەشق بە ٤١ تەرم لەناو ٥ گۆڕدا، پاشان دێرەزوور بە ٢٢ تەرم، حومس بە ١١ تەرم، دەرعا بە ١٣ تەرم، دیمەشق ١١، ڕەققە ١٠، حەسەکە ٩، حەما بە ٦ تەرمەوە لەخۆ گرت.

 

بەپێی بەدوای یەکداهاتنی کاتی، پرۆسەکانی دۆزینەوە لە شوباتی ڕابردوودا دەستی پێکرد بە دۆزینەوەی ٣ گۆڕ کە ٢٣ تەرمی تێدابوو، پاشان ٥ گۆڕ لە ئاداری ڕابردوودا کە ٤٤ تەرمیان تێدابوو، ٤ گۆڕ لە نیسانی ڕابردوودا کە ١٤ تەرمیان تێدابوو، پێش ئەوەی لە ئایاری ڕابردوودا بەرزترین ئامار تۆمار بکرێت کە بریتی بوو لە ٥ گۆڕ کە ٩٧ تەرمی تێدابوو، دۆزینەوەکان لە حوزەیراندا لە دوو گۆڕدا کە ٧ تەرمی تێدابوو بەردەوام بوون، لە تەمووز لە دوو گۆڕدا کە ١١ تەرمی تێدابوو، لە ئابدا لە دوو گۆڕدا کە ٧ تەرمی تێدابوو.

 

ڕوانگەکە جەختی لەسەر پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنبووان کردەوە وەک دۆسیەیەکی مرۆیی و مافی مرۆڤ و دادوەری زۆر گرنگ، بانگەوازی بۆ هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لە بەدواداچوونی سەرجەم شوێنە دۆزراوەکان، لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشێلکارییەکان، ڕێگریکردن لە دەربازبوونی تاوانباران لە سز، بە شێوازێک کە مافی قوربانییان و کەسوکارەکەیان لە زانینی ڕاستی و دادپەروەریدا مسۆگەر بکات.