لە سودان ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ١٠٠ گیان لەدەستدانی تۆمار کردو هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا دا
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی "WHO" لە سودان، دوای پشتڕاستکردنەوەی زیاتر لە ھەزار و ٣٣٠ حاڵەتی تووشبوون و تۆمارکردنی ١١٤ حاڵەتی گیان لەدەستدان، هۆشداری لە خراپتربوونی پەتای کۆلێرا دا.
ناوەندی هەواڵ
سودان_لە نێوەندی بەردەوامیی پێکدادانە چەکدارییەکان، خراپیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و بوونی کۆسپ لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، سودان لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆلێرا لە چەندین ویلایەتدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستیی قووڵ و نیشانەکانی هەڵکشانی نیگەرانکەر دەبێتەوە.
نوێنەری سودان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە جنێف بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە بەتایبەت لە ناوچەکانی دارفوور و کۆردۆفان، شەپۆلێکی نوێی کۆلێرا سەریهەڵداوە.
زیادبوونی فشارەکان لەسەر کەرتی تەندروستی
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە شاری ئەلئوبەیب، پایتەختی باکووری کۆردۆفان، بەهۆی گەمارۆدان، هێرشی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و قورسیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین نیگەرانیی لەسەرە. ئەم دۆخە فشارەکانی سەر کەرتی تەندروستی زیاتر کردووە و دەستڕاگەیشتنی دانیشتوانەکەی بە چارەسەر سنووردار کردووە.
لە کاتێکدا نیگەرانیی ڕێکخراوە هاوکاریبەخشەکان لە بارەی تووشبوونی سەدان هەزار کەسی ئاوارە کە لە پێکدادانەکانی باکووری کۆردۆفان هەڵاتوون بەو پەتایە زیادی کردووە، کاتێک قورسیی گەیشتن بە زۆرێک لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان ڕەچاو بکرێت، پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان و گیانلەدەستدان لەو ژمارانە زۆر زیاتر بێت کە ڕاگەیەندراون.
ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆلێرا گەیشتووەتە ١٣.٧٪
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە کە ڕێژەی مردن لە نێو ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون گەیشتووەتە نزیکەی ١٣.٧٪ و ئەمەشی بە زۆر بەرز وەسف کرد. هەروەها هۆشداریی دا کە ڕێژەکە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بارانباریندا زیاتر ببێت؛ چونکە وەرزی بارانبارین لە کاتی تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی پاكکەرەوە و کەمیی ئاوی خاوێندا، ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانە دەڕەخسێنێت کە سەرچاوەکەیان ئاوە.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە سودان ئێستا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهان بووەتەوە، کە تێیدا زیاتر لە ٣٣ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و ٢١ ملیۆن کەسیش پێویستیان بە چاودێریی تەندروستی هەیە. هاوکات، ١٣.٤ ملیۆن کەس ئاوارە بوون؛ کە نزیکەی ٩ ملیۆن کەسیان لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون و ٤.٦ ملیۆنیشیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون. ئەم دۆخە، دۆخی تەندروستیی وڵاتەکە کە خۆی لە لێواری داڕماندایە، خراپتر دەکات و ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاتر دەکات.
چەندین نەخۆشی دیکەش بڵاودەبنەوە
هەروەها ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند کە کۆلێرا تەنیا ئەو هەڕەشە تەندروستییە نییە کە سودان ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەڵکو وڵاتەکە لە هەمان کاتدا بەدەست چەندین نەخۆشی دیکەوە دەناڵێنێت، لەوانە: تاى دەنگ ، مالاریا، هەوکردنی پەردەی مێشک ، هەوکردنی جگەری جۆری E و سورێژە. ئەمەش فشارێکی بێوێنە دەخاتە سەر سیستمێکی تەندروستی کە خۆی بەدەست کەمیی توندی کارمەندان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕاپۆرتە مرۆییەکان هۆشدارییان دا لە خراپبوونی دۆخی تەندروستی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای شاری بارا لە ویلایەتی باکووری کۆردۆفان. زیاتر لە ٢٠٠,٠٠٠ کەس لەو ناوچانەدا کە نزیکەی ٢٠,٠٠٠ منداڵیان تێدایە، بەهۆی نەخۆشییەکانی کۆلێرا و سورێژە، کەمیی دەرمان و خۆراک، و بەردەوامیی پێکدادانەکان، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی و تەندروستیی زۆر خراپ بوونەتەوە.
بانگەوازی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی
ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەخشەران کرد کە پشتگیرییەکانیان زیاد بکەن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان، بەتایبەتی شاری ئەلئوبەیب، بەردەوامیی سنووردارکردنی گەیشتنی هاوکارییەکان، مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کەمیی خۆراک زیاتر دەکات، و لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهاندا، ئازارەکانی مەدەنییەکان، بەتایبەت ژنان و منداڵان، قورستر دەکات.