لە سلێمانی لە مەراسیمێکی شکۆمەندانەدا چلەی ماتەمینی "عائیشە مەلا حەکیم" بەڕێوەچوو
یەکێتی ژنانی کوردستان لە مەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، بەئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتییەکە و خانەوادەکەی، چلەی ماتەمینی "عائیشە مەلا حەکیم" ی ئەنجامدا.
سلێمانی
دوێنێ ٢ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی تەوار، لە شاری سلێمانی، لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان، بە ئامادەبوونی ئەندام و چالاکوانانی یەکێتیەکە و خانەوادەی عائیشە مەلا حەکیم، بە دانانی چەپکە گوڵی وەفا مەراسیمی چلەی ماتەمینی بۆ ''عائیشە مەلا حەکیم'' بەڕێوەچوو.
سەرەڕای وتارو لێدوانی بەشێک لە چالاکوان و ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان، خوێندنەوەی کۆڕێکی شعر و پیشاندانی سینەفزیۆنێک لە ژیاننامەی کار و خەبات و چالاکییەکانی "عائیشە مەلا حەکیم" ئەنجامدرا.
بەم شێوەیە ژیاننامەی "عائیشە مەلا حەکیم" خوێندرایەوە:ـ
عائیشە عەبدولحەکیم محەمەد یەکێک لە مامۆستا دڵسۆز و لێهاتووەکانی شاری سلێمانی بووە و لە ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر چاوی بەدنیا هەڵهێناوە.
خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی ڕووناک تەواو کردووە و ناوەندیشی لە ناوەندی ''سلێمانی کچان'' خوێندووە، لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی ناوەندی دەچێتە خانەی هونەری ناوماڵ ''فنون بەیتی'' و لە ساڵی ١٩٧٠ خوێندن تەواو دەکات، لە پاش سێ ساڵیش وەک مامۆستا لە خوێندنگەی عەواڵ دەست بەکاردەبێت.
ساڵی ١٩٨٤ دەبێتە یاریدەدەر لە خوێندنگەی ''شەکرەکە'' و پاش دوو ساڵیش دەبێتە بەڕێوبەری هەمان خوێندنگە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە ئامادە نەبووە پەیوەندی بە حیزبی بەعسی ئەوکاتەوە بکات پاش دوو ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنگەیەکی تر و پاش ٣٥ ساڵ لە خزمەتی بواری پەروەردە، دواجار لە ساڵی ٢٠٠٨ دا خانەنشین دەکرێت.
خاتوو عائیشە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٥دا بەشداری لەو خۆپیشاندانەدا دەکات کە بەهۆی هێنانەوە و بەخاکسپاردنی تەرمی ''شێخ مەحموودی حەفید'' ڕێکخرابوو، بەهۆی ئەوەی لە خێزانێکی نیشتیمانپەروەر و سیاسیدا بوو هەر زوو تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێت و لە قۆناغی ناوەندیدا پەیوەندی دەکات بە حزبی شیوعی عێراق و بەشداری لە زۆرێک لە چالاکییە سیاسییەکان و بڵاوکراوەکانی حزبەکەدا دەکات.
لە دواتردا پەیوەندی دەکات بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە و لە ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پاشان لە هەمان ساڵدا دەبێتە ئەندامی دەستەی کاتیی کۆمەڵەی هەرەوەزیی مامۆستایان و ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە کۆمەڵەکەدا.
لە ساڵی ١٩٩٤دا پەیوەندی دەکات بە ڕێکخراوی یەکێتیی ژنانی کوردستان/ لقی سلێمانی و بە شێوەیەکی چالاکانە و دڵسۆزانە خزمەت دەکات و هانی ژنان دەدات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ماڵ بێنە دەرەوە و ئاشنا بن بە ئەرک و مافەکانیان.
لە ساڵی ١٩٩٩ دەبێتە ئەندامی کۆنفڕانسی یەکێتی ژنان و لە ساڵی ٢٠٠٥یشدا دەبێتە لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی لقی سلێمانی، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٢ بە ئامانجی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو لە یاسادا بۆ زامنکردنی بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەشداردەبێت لە یەکەمین کۆنفڕانسی یاسایی یەکێتیی ژنانی کوردستان.
لە ساڵی ۲٠٠٤ دەبێتە نوێنەر و ئەندامی یەکێتیی ژنان لە کۆنگرەی نیشتمانی لەپێناو سەروەری و دیموکراتی لە بەغدا و لە ساڵی ۲٠٠۸ یش دەبێتە ئەندامی کۆنفڕانسی گۆڕینی یاساکانی باری کەسێتی لە سلێمانی.
لە ساڵی ۲٠۲۱ بەشداریی کۆنگرەی ژنانی وڵاتانی عەرەبی دەکات لە ئوردن و ساڵی ٢٠١٦ش دەبێتە ئەندامی ''نیت وۆرک'' لە کۆنگرەی ژنانی سوید، لە ساڵی ۲٠۲۳ش دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانی، کە ڕێکخراوێکە بۆ پاراستنی مێژوو و کولتوور و گەشەی کۆمەڵایەتی.
لە زۆربەی چالاکی و خۆپیشاندانەکانی یەکێتیی ژناندا بەشداری کردووە، لە ۲٠ی نیسانی ٢٠٢٥، لە پای ئەو مێژووە پڕ شانازی و ئەزموونە زۆرەی لە خەبات و تێکۆشانی بێوچانی ژیانی ڕابردوو و ئێستادا، کە لەناو خەباتی سیاسی و مەڵبەند و یەکێتیی ژناندا هەیبووە، دەکرێت بە ڕاوێژکار لە یەکێتی ژنانی کوردستان.
دواجار و لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی دەباشان بەخاک دەسپێردرێت.
دواتریش وتاری خانەوادەکەی لە لایەن جوتیار خالید، کوڕی عائیشە مەلا حەکیم خوێندرایەوە، وتی: ٤٠ ڕۆژ بەسەر کۆچی دایکمان تێپەڕی، مەرگی دایکمان ئێمە و شاری سلێمانی نیگەرانکرد، لە چلەی ماتەمینیەکەیدا سڵاو لە ڕۆحی پاکی دەکەین، پاشان وەک خانەوادە سوپاس و پێزانین بۆ یەکێتی ژنانی کوردستان دەکەین بە ئەنجامدانی ئەم مەراسیمە شکۆمەندانەیە بۆ کۆچی دایکم، کە ئەم خەمەیان لەگەڵ هەڵگرتوین، دایکمان هەردەم لەسەر بنەمای خۆشویستنی نیشتیمان پەروەردەیی دەکردین، سەرەڕای دایکایەتییەکەی مامۆستا و پەروەردەکارێکی باشی ئێمەبوو، پاشان خەبات و تێکۆشانەکەی لە یەکێتی ژناندا چارەسەرکاری کێشەکانی کۆمەڵگەبوو، هەروەها بەرژەوەندییەکانی خۆی دەخستە لاوە تا خەبات بۆ ژنان بکات، ئێمەش وەک منداڵەکانی درێژە دەری ڕێ و ڕێبازی دایکمان دەبین، هەڵگری ئەو مەشخەڵەی دەستی دەبین کە هەڵی گرتبوو.
" درێژەدەری خەباتی دایکمان دەبین''
ڕۆشنا خالید، کچی عائیشە مەلا حەکیم، باسی لە شێوازی کار و خەباتی دایکی کرد، وتی: لەگەڵ چاوکردنەوەماندا دایکمان لەناو سیاسەت و خەبات بۆ نیشتمان و ژنان کاری کردووە، دایکمان فێری کردوین خەباتکار و خزمەتکاری خاک و مافەکانی ژنان بین، هەردەم لەسەر ڕێبازی خۆی پەروەردەی کردوین، ئەوەی پێویستی بە هاوکاری بێت هاوکاریبکەین.
لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئێمە ناتوانین ئەو خەباتەی دایکمان کردویەتی دووبارەی بکەینەوە، بەڵام ئەو هەردەم پێی خۆشبوو خزمەت بە ژنان بکات، بۆیە ئێمەش خزمەت بە خاک و مافەکانی ژنان دەکەین، ئێمە بە گوێرەی توانای خۆمان لە ناو ئەو ڕێکخراوانەی دایکمان کاری تێداکردووە خەبات دەکەین.