لە سلێمانی بە دروشمی "شەهیدانمان لە یاد ناکەین" ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەبیرهێندرایەوە

لە ٣٧ەمین ساڵیادی بۆردوومانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی، کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان، بە پێشکەشکردنی چەندین کار و چالاکی هونەری لە سلێمانی ئەو تاوانە شەرمەزار کرا.

سلێمانی

 

لە شاری هەڵەبجەدا ٣٧ ساڵ پێش ئێستا، لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە ڕێگەی فڕۆکەوە هەڵەبجەو گوندەکانی سنوورەکەی بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرد، لە ئەنجمامدا ٥ هەزار کەس شەهید بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش بریندار و ئاوارە بوون.

 

دوێنێ ١٦ی ئادار، لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، لەلایەن کۆمەڵگەی هونەری میللی کوردستان، بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەند و ئەکتەری دیاری شاری سلیمانی، لە لایەن گروپی میوزیکی زامدار قەرەداغی، چەندین گۆرانی نیشتیمانی بەسەر هەڵەبجەدا پێشکەش کراو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، شەرمەزار کرا.

 

لە دەستپێکی مەڕاسیمەکەدا، گروپێک لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی لە بازاڕی میوزیکسیانەکانەوە بە چەندین چالاکی بۆ بەردەرکی سەرا بەڕێکەوتن، هونەرمەندان بە یەک دەنگ چەندین سروودی نیستیمانیان پێشکەشکرد، پاشان شانۆییەک کە گوزارشتی لە زام و کارەساتی هەڵەبجە دەکرد نمایشکرا.

 

" یادکردنەوەی زامەکانی هەڵەبجەی شەهید ئەرکی هەر تاکێکی کوردە"

لارا نەبەز، میوزیک ژەن لە گروپی زامدار قەرەداغی ئاماژەی بەوەکرد، بە ئەنجامدانی چالاکی و چەندین پارچە میوزیک بەشداری لە یادکردن و زامەکانی هەڵەبجەدا دەکات، وتی: ئێمە لە گروپێکی ١٠ کەسی پێکهاتبووین ئامانجمان نمایشکردن و دەرخستنی زام و ئازارەکانی شاری هەڵەبجەیە، لە ڕێگەی دەف و چەندین ئامێری دیکەوە بە پارچە گۆرانی هونەرمەندان یادێک لە زامەکانی هەڵەبجە دەکەین، بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی پشتیوانیان لە چالاکییەکەمان کرد، لە درێژەی چالاکییەکاندا چەندین سروود وتراو چالاکی نمایش کرا. هەموو ساڵێک لە لایەن گروپەکەوە هەڵدەستین بەم بەبیرهێنانەوەیە، ساڵانی دیکەش بەردەوام دەبین.