لە سلێمانی ٨ی ئادار پیرۆزکراو خەڵات بەخشرایە ژنان
لە سلێمانی بە مەڕاسیمێکی شکۆمەند و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان و چالاکی هونەری، ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان بەرز ڕاگیرا.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- دوێنێ ٨ی ئادار لە مەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی بەرز ڕاگیرا، ژنانی چالاکوان و ئازادییخواز، مەڕاسیمێکی تایبەتیان ئەنجامدا و بە ئاهەنگ و بەخشینی خەڵات ئەم ڕۆژەیان پیرۆز کرد، لە مەڕاسیمەکەدا، ڕێکخراوەکانی بواری ژنان، ئەندامی پارتە سیاسییەکان، ژنانی چالاکوان و ئازادییخوازان و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، بە جلوبەرگی کەلتووریی کوردییەوە بەشدارییان کرد.
لە مەڕاسیمەکەدا سێیەمین خەڵاتی ساڵانەی یەکسانیی بەخشرایە بەهار مونزیر، چالاکوانی و خەڵاتی ڕێزلێنانیش بە سێ ژنە مامۆستای مانگرتوو بە ناوەکانی " شنە عەلی، سروشت ڕەحمان و پاکیزە حەمە ئەمین " بەخشرا، دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو شەدە بەشیر، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی کەمپەینی ۸ی ئادار ئاماژەی بەوەکرد، بەبۆنەی ٨ ئادار رۆژی جیهانی ژنانەوە، رێز لەخۆڕاگریی ژنانی کوردستان، عێراق و جیهان دەگرین.
شەدە بەشیر وتیشی: هاوکات چەوساندنەوەی سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری رەت دەکەینەوە، لە مڕۆی جیهاندا مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژنان بەتایبەتی لە دۆخێكی خراپدان. ناسهقامگیرى بارودۆخى سیاسى و هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیان كردووهته مۆڵگهیهك بۆ بهرههمهێنانەوەی توندوتیژى، شكاندنى ئیرادهى مرۆڤ و پێشێلكردنى ماف و ئازادییەکان، بارودۆخى ژنان لەكوردستان و ناوچهكه بەھۆی نادادى، چهوساندنهوهو نایهكسانییەوە بهههلومهرجێكى دژوار و خراپدا تێدهپهڕێت. ژنان لهژێر فشارى دهروونى وجهستهیدان بەناوى ناموس و نەریتی دواكهوتوو، ئەمساڵ لەکاتێکدا پێشوازی لە۸ ی ئادار دەکەین کە، گۆڕانکاری گەورەی کارەساتبار لەئەنجامی رێککەوتنی سیاسیی لەکوردستان و عێراقدا روویداوە، ئەویش هەمووارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقە، دەبوا نوێنەرانی عێراق پێشخستنی کۆمەڵگە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بە بەرپرسیارێتی خۆیان بزانن کەچی لەجیاتی ئەوە، یاسایەکی کۆنەخوازی دژە منداڵ ودژە ژنییان ٢١/١/٢٠٢٥ تێپەراند، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە بزووتنەوەی رەتکردنەوەی هەمووارەکە بەهێزو بەرچاو و رێکخراو بوو، هەر لەسەرەتای پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکەوە سەدان رێکخراو، دامەزراوە، گروپ، پارێزەر، پەڕلەمانتار، داکۆکیکار، ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، کونسوڵخانەکان و پەڕلەمانی یەکیەتی ئەوروپا ناڕەزایەتییان سەبارەت بەو یاسا هەموارکراوە دەربڕی، بەڵام رای هیچکام لەمانە بەهەند وەرنەگیراو رێکەوتنی سیاسی کوتلە و فراکسیۆنەکانی عێراق لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بووە ھۆی ئەوەی بەهیچ شێوەیەك مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژنان و منداڵان لەبەرچاو نەگیرێن و یاساکە تێپەڕێندرا.
شەدە بەشیر وتی: لەکوردستان لەگەڵ هەوڵ و خەباتی لێنەبڕاوانە بۆ باشکردنی ژیانی ژن، هەمیشە یەکێك لەکێشە گەورەکان کوشتنە بە بیانوی ناموس. حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ئامارەکانی کوشتنی ژنان راناگەێنێت و ئاشکرایان ناکات، کەمپینی کوشتنی ژنان، مانگی رابردوو رایانگەیاند ماوەی ساڵی(٢٠٢٤)دا، (٤٨) حاڵەتی کوشتنی ژنانییان تۆمارکردووە، بەپێی هەواڵی میدیاکانیش تەنها لەماوەی دوو مانگی رابردوودا (١٠) حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئاست ئەم ئامارانەدا بێدەنگی تەواوی هەڵبژاردووە، لەکاتێکدا ئەرکی حکومەتە ئەم ڕەشەکوژییەی ژنان رابگرێت و پاراستنی ژیانی ژنان وەک هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە لەئەستۆی حکومەتدایە، بەڵام حکومەت بێباکانە بێدەنگە لەئاست ئەم تاوانانە. ئێستاش لەرێگای جیاوازەوە هەوڵی کەمکردنەوەی ئەم پەڵە رەشە دەدرێت کە لەساڵی (١٩٩١) بەدواوە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیپێکردووە، هیچ پلان و ستراتیژییەکی کاریگەر دانەنراوە بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە قێزەونە بەڵكو، زۆر جار بێدەربەستی دەسەڵات بەردەوامی داوە بەم دیاردەیە، لەلایەکی دیکەوە خۆسوتاندنی کچان و ژنان یەکێکی ترە لەدیاردە نامرۆڤانەکانی تر، کەم ڕۆژ تێدەپەڕێت گوێمان لە رووداوی ناخهەژێنی خۆسووتاندن نەبێت، زۆرجار تەنها بۆ چەند ساتێك هەواڵەکە بڵاودەبێتەوە و کۆتایی پێدێت. لهناو ئهم بارودۆخهدا ژنانى كوردستان بههۆى خراپى دۆخى سیاسی و ئابوورى و كۆمهڵایهتى ههرێمهوه پشكى شێریان بهركهوتووه لهچهوساندنهوه و بێ مافى، بۆیه ئێمه وێڕاى بهرز راگرتنى ٨ى ئادار رۆژى ژنانى جیهان، جهخت دهكهینهوه لهداكۆكیکردن لهماف و داخوازییه رهواكانى ژنانى كوردستان، پێویسته لهم ههلومهرجهدا بابهتییانه كار لهسهر نەهێشتنی بیرى خێڵەکی، توندڕهوى، مەزهەبی، ناموسپەرستی بكرێت كهراستهوخۆ كاریگهرییان لهسهر چهوساندنهوه و نادادى بهرانبەر ژنان ههیه و ناراستهوخۆش بوونهته هۆكارى كوشتنى ژنان و تۆخكردنهوهى توندوتیژى كۆمهڵایهتى.
شەدە بەشیر لە کۆتایی قسە کانیدا وتی: پێویسته كار لهسهر دهقه یاسایهكانى پاراستنى ژنان بكرێت بۆ سزادانى تهواوى ئهو تاوانبارانهى دهستییان لهكوشتنى ژنان و توندوتیژى خێزانیدا ههیە، لەم ڕۆژەدا کە ڕۆژی جیهانی ژنانە، جهخت دهكهینهوه لەسەر:
١_ رێگریکردن لەجێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٥) هەموارکراوی باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی(١٩٥٩)، داواکارین پەڕلەمانی کوردستان بڕیارێک دەربکات بەجێبەجێ نەکردنی ئەم هەمووارە لەهەرێمی کوردستان.
٢_تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگای فدراڵی عێراق، سەبارەت بەنایاسای دەرچواندنی هەمواری یاسای باری کەسێی(١٨٨) و جێ بەجێ نەکردنی لەعێراقدا.
٣_ پاراستنی کچان و ژنان لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمەوە، لەکوشتن بەناوی شەرەف و توندوتیژی، ژن کوژەکان بدرێنە دادگا و حزب و دەسەڵات داڵدەیان نەدەن.
٤_ سەرکۆنەکردنی دەسەڵات لەکەمکردنەوەی ئازادییەکان و رێگریکردن لەچالاکی مافە مەدەنیەکان.
٥_ یەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان لەکەرتی تایبەتدا.
٦_ دانانی (یاسای نوێی کار ) بەجۆرێک رەچاوی یەکسانی ژنان و پیاوان بکات لە ماف و دەستکەوتەکاندا.
٧_ دانانی پشووی تایبەتی مانگانە بۆ ژنان و کچان.
سەرکەوتووبێت خەباتی ژنان لەپێناو نەهێشتنی چەوساندنەوە و جیاکاریدا.