لە شەڕی غەززەدا، خۆبەخشانە هاوکاری دەکات
ئەمیرە عەتائەڵڵا، خۆبەخش کە لە ڕێکخراوی هاوکاری مرۆییە، ڕایگەیاند کە کاری خۆبەخشی زۆر قورسە و ویستوویەتی ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ کار لەسەر ئەو سەختییانە بکەن.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- لە کاتێکدا زیاتر لە ساڵێکە شەڕی غەززە بەردەوامە، ژنانی فەڵەستینی بە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بەردەوامن لە یارمەتیدانی برینداران و هەژاران، هەروەها ئەمە لە کاتێکدایە کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێشکەش ناکرێن و هیچ پێداویستییەکی ڕۆژانەیان نییە.
پێش جەنگ دوکاندار بووە
ئەمیرە عەتائەڵڵا، یەکێکە لە خۆبەخشەکانی ناو ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی وتی: هۆکار زۆرن کە بهێڵێن ژن لە ناو شەڕەکاندا هاوکاری پێشکەش بکەن، ئەگەر ژنانی خۆبەخش نەمێننەوە و بە ڕۆڵی خۆیان هەڵنەستن، ئەوا فریاگوزاری و خزمەتگوزاریی دەروونی بۆ زۆرێک لە بەشەکان ناکرێت، پێش شەڕ من فرۆشیار بووم، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ کارەکەم لەدەستدا و منیش لەنێو ئەو کەسانەدا بووم کارێكم نەبوو.
پێش ئێستا بەشداری لە دەستپێشخەرییە کەسییەکان دەکرد
ئەمیرە ڕایگەیاند، دوای بینینی ئازاری کۆچبەران و بینینی ئەوەی کە کەس گرنگی بە دۆخی کۆچبەران نادات، بڕیاری کاری خۆبەخشی داوە و وتیشی: ٦ مانگ لەمەوبەر دەستم بە کاری خۆبەخشی کردووە و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری جیاوازدا کاردەکەم، سوودم لە کارە خۆبەخشییەکانم وەرگرت و هەموو شتێک دەخەمە خزمەت ژن و منداڵ، پێش ئەوەی خۆم بخەمە ناو کاری دامەزراوەییەوە، لەگەڵ هاوڕێکانمدا بەشداریم لە دەستپێشخەرییە کەسییەکان دەکرد، بەڵام بینیم ئەو پشتگیرییەی کە لەلایەن دامەزراوەکانەوە پێشکەش دەکرێت زیاترە.
ئەوان تووشی سەختییەکی زۆر دەبن
ئەمیرە عەتائەڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتن و هێرشە قورسەکان بۆسەر هەموو ناوچەکانی باکوری غەززە ئاستەنگیەک لە مێشکیدا دروست دەکات، هەست بە پارێزراوی ناکات و زۆرجار ناتوانێت درێژە بە کارەکانی بدات و وتی: زۆرجار ناچارم چالاکییەکانم دوابخەم، وەک ئەو ڕۆژەی هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر هەردوو ناوچەی زەیتون و شوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، لە لایەکی ترەوە نەبوونی کەرەستەی گواستنەوە کێشەیەکی ترە، چونکە ئەو دامەزراوانەی ئێمە کاریان تێدا دەکەین ڕێگای پارێزراومان بۆ دابین ناکەن، ئەمەش پێشێلکارییەکە بەرامبەر بە ژنانی خۆبەخش، چونکە ناچارن بە پێی خۆیان بڕۆن و مەودای دوور ببڕن.
''فشاری دەروونیم لەسەرە''
ئەمیرە عەتائەڵڵا، بۆچوونی نەرێنی کۆمەڵگە وەک کێشەیەکی دیکە بۆ ژنانی خۆبەخش دەبینێت و وتی: کاتێک داوا لە خێزانەکان دەکەین سەبر بگرن و چاوەڕێی نۆرەی خۆیان بکەن، لە ڕاستیدا گوێمان لە قسەی ناخۆش دەبێت، هەندێک جار ئەم گفتوگۆیانە دەگەنە ئاستی قسەی ناخۆش، لە ئەنجامدا فشاری دەروونی لەسەرم دروست دەبێت.
"با ڕێکخراوەکانی ژنان سەرنجیان لەسەر کاری خۆبەخشانە بێت"
ئەمیرە ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی وەریدەگرێت زۆر کەمە و بەشی پێویستییە بچوکەکانی ڕۆژانەی ناکات، دەزانێت چەندە گرنگە، هەر بۆیە کاری خۆبەخشی دەکات، هەروەها وتی: من باس لە مافەکانم ناکەم، بەپێی یاسای فەڵەستین دوای ٦ مانگ لە کاری خۆبەخشی، دەبینە فەرمانبەری مووچەخۆری ئەو ڕێکخراوەی کە کاری بۆ دەکەین، ناوەڕۆکی یاساکانی فەلەستین کە پەیوەندییان بە کاری خۆبەخشییەوە هەیە نازانم، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە، پێویستە دامەزراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی کار لەسەر ئاگادارکردنەوەی ژنان لە یاساکانی کار بکەن.