لە ساڵیادی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژێمی ئێران ژنانی چالاکوان دەکاتە ئامانج

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵمەتی فشارخستنە سەر ژنانی چالاکوان دەستی پێکردووە و لە نوێترین کەیسەکاندا، دوو چالاکوانی کورد لە مهاباد بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت” دادگاییکران.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵمەتی دەستبەرسەرکردن و فشارخستنە سەر ژنانی دەست پێکردووە، ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ساڵیادی ئەو شۆڕشە بۆ ژنان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە دەرفەتێک بۆدووبارەکردنەوەی داواکارییەکانی ماف و ئازادی.

 

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو چاودێری و فشار لەسەر ژنانی چالاکوان زیاد کردووە بەمەبەستی ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی شۆڕشی ژنان و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایی، بە تایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکان، کە لە سەرەتای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەشێکی بەرچاوی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بوون.

 

بەپێی زانیاریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی دوو خوشک بە ناوەکانی پەریا و ڕۆیا سامانی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بەڕێوەچوو و تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت”یان ئاڕاستە کرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو چالاکوانە بەهۆی ئەندامبوونیان لە ئەکاونتێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرامەوە تۆمەتبار کراون، دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەش، هەردووکیان بە دانانی بارمتەی دارایی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.

 

پێشتر، لە مانگی تەمووزدا، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتبووە سەر ماڵی ئەم دوو ژنە لە مەهاباد، لەو هێرشەدا جگە لە پشکنینی ماڵەکەیان، هێزەکان دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتبوو، دواتریش هەردوو خوشکەکە بۆ ئیتلاعاتی سوپا بانگهێشت کرابوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرابوو.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی زیندانیانیی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی ڕابردوو ٨٠ چالاکوانی مەدەنی و سیاسیی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەڕێژەی بەرچاو ژنی تێدا بووە.