ڕژێمی ئێران لە ساڵێکدا ٦١ ژنی لەسێدارە داوە

بەپێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ساڵێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٦١ ژن لەسێدارە دراون، ١٣٠ حاڵەتی کوشتنی ژنانیش تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا دەربارەی ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتیکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٥ تا ٢١ـی ئازاری ٢٠٢٦ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٦١ ژن لەسێدارە دراون، سزای لەسێدارەدان بۆ ١٣ ژنی دیکەش دەرچووە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٧٤ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی یان هەراسانکردنی سێکسی تۆمارکراون، هەروەها ١٣٠ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، جگە لەوەش ١٨٧ حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراون.

 

باس لەوەشکراوە،١٣ ژن بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی زۆرەملێ دەستبەسەر کراون، چوار ژن زیندانی کراون، ١١ ژنیش بانگهێشتی دادگا و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کراون، حەوت ژنیش لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێداچوونەوە بە کەیسەکانی ئەو ژنانە دەریدەخات زۆربەیان قوربانی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری پێشوەختە و زۆرەملێ، ئابووریی و ماددە هۆشبەرەکان بوون، سیستەمی دادوەری ئێران و یاساکانی ئێستا ژن بە ژێردەستە و پەراوێزخراو پێناسە دەکەن و دەستگەیشتنی ژنان بە مافی جیابوونەوە و پاراستنی یاسایی یان توانای بەرگری لە خۆیان سنووردار دەکات.