لە پێشانگایەکی وێنەییدا ئازارەکانی گەلی ڕۆژئاوا خرایەڕوو

لە سلێمانی پێشەنگایەکی وێنەیی تایبەت بە ئازارەکانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لەم هێرشانەی دواییدا بە مەبەستی هاوکاری بۆ ئەو هاوڵاتییانە، کرایەوە.

سلێمانی

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی یەکەم، لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، لەلایەن دەزگایی میدیایی شار پرێسەوە، پێشانگایەکی وێنەیی، کە سەرجەمی وێنەکانی لەلایەن ئەو دەزگایەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان گیرابوون، بە ئامادەبوونی نوسەران، ڕۆشنبیران، چالاکوانان و دەزگا میدیاییەکان کرایەوە.

 

لە دەسپێکی کردنەوەی پێشانگاکە، هاوکار عیززەت، بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی شار پرێس دەربارەی پێشانگاکە وتی: پێشانگاکە بۆ پیشاندانی ئازارەکانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانە و هەرچەندە خەڵکی زۆر هاتوون بۆ سەیرکردنی پێشەنگاکە، بەڵام پێشبینیمان دەکرد خەڵکی زیاتر بێن. 

 

پێشانگاکە بە مەبەستی پیشادانی ئازارەکانی ڕۆژئاوا و هەروەها کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی فرۆشتنی وێنەکانەوە کرابووەوە.

 

 ڕووبار مەجید، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێجی یاسا و ئەندامی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا لەبارەی گرنگی پێشانگاکە، هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتی کوردانی باشوور قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی: بەڕاستی لە کاتی بینینی وێنەکاندا دڵم پڕ بوو بۆ ئەو هاونیشتیانانەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، من پێموایە کوردەکان لە پارچەکانی تری کوردستان دەبێت کات دابنێن بۆ تێگەیشتن لە ئازارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەبوونی ئەم جۆرە لە پێشانگای وێنەیی، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئازارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.