لە مەغریب منداڵان بێ خوێندن دەمێننەوە و هاوسەرگیریان لەگەڵدا دەکرێت
لە مەغریبدا نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی و هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان هاوسەرگیری بکەن ،ئەو منداڵە کچانەی لە خوێندن بێبەشن، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە.
حەنان حارت
مەغریب- لە مەغریب هاوسەرگیریی منداڵان لە زیادبووندایە، ئەو منداڵە کچانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ١٦ ساڵ بە "جێهێڵراو" یان "لە ماڵەوە بەجێماوە" پێناسە دەکرێن.
داکۆکیکارانی مافی ژنان و منداڵان هۆکارەکانی هاوسەرگیری منداڵان بۆ هەندێک هۆکار دەگەڕێننەوە و هەندێکیان بریتین لە نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، هەژاری و نایەکسانی دەرفەتی پەروەردەیی. ئەوان دەڵێن کە ئەم دۆخە دەبێتە هۆی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان.
فەوزیە ئەلدوکەلی، مامۆستای فەلسەفە و پسپۆڕی پەروەردە ڕایگەیاند، لە ناوچە گوندنشینەکان ژمارەی ئەو منداڵانەی خوێندنگە بەجێدەهێڵن و وازیان لە خوێندنن هێناوە لە زیادبووندایە، وازهێنانی خوێندکارانی کچ بەتایبەتی مەترسی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە و وتی: پێویستە دەستبەجێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و یەکسانی لە پەروەردەدا جێبەجێ بکرێت.
"منداڵانی کچی ناوچە گوندنشینەکان ناتوانن دەستیان بە مافی خوێندن بگات"
فەوزیە ئەلدوکەلی ئاماژەی بەوەدا کە کچانی ناوچە گوندنشینەکان ناتوانن دەستیان بە مافی خوێندن بگات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خوێندن دەبێتە ڕێگەیەک بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن.
هۆکاری هەژاری
فەوزیە ئەلدوکەلی ڕایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی توێژینەوەکان پەیوەندی بە هۆکارە ڕۆشنبیری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە و وتی: هەندێک لە خێزانە هەژارەکان پێیان باشە منداڵەکانیان واز لە خوێندن بهێنن، پاشان ئەم خێزانە لە تەمەنێکی گەنجیدا هاوسەرگیریان پێدەکەن، هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا کێشەیەکی جددییە لە وڵاتدا و ڕیشەی ئەم کێشەیە لەو نەریت و کولتوورەدایە کە تا ئێستاش لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی مەغرییب ڕەوایە.
بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی کاریگەر...
فەوزیە ئەلدوکەلی جەختی لە گرنگی خوێندن بۆ مندالانی کچ کردەوە و لە کۆتاییدا وتی: پێویستە خێزانەکان گرنگی خوێندن بۆ کچەکانیان بزانن و بۆ ئایندەیەکی باشتریان بۆ دابین بکەن، بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و سەلماندنی ناسنامەی خۆیان، تەنیا لە ڕێگەی پەروەردە و زانستەوە دەتوانن ببنە مرۆڤی چالاک لە کۆمەڵگەدا.