لە مەغۆلەکانەوە بۆ تاڵیبان... مێژوویەکی تاڵ لە سووتاندنی پەرتوک لە ئەفغانستان
ئەفغانستان چەندین جار شاهیدی سووتانی پەرتوک و لەناوچوونی کولتوورەکەی بووە، هەر لە مەغۆلەکانەوە تا دەگاتە تاڵیبان، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان ئەم پێشێلکارییە دووبارە بووەتەوە.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-ئەفغانستان بە مێژووە پڕ لە گێژاوەکەیەوە، هەمیشە لە گۆڕەپانی کولتوور و شارستانییەتە هەمەچەشنەکاندا بووە، بە درێژایی سەدەکان شایەتحاڵی ئاڵوگۆڕی زانست و بیرۆکە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار تووشی لەناوچوونی میراسی فەرهەنگی و زانستی خۆی بووە، یەکێک لە نموونە هەرە ئازاربەخشەکانی ئەم وێرانکارییە، سووتاندنی پەرتوکەکانە، کە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ئەفغانستاندا چەندین جار ڕوویداوە، شوێنەواری قووڵی لەسەر کولتوورەکەی بەجێهێشتووە.
یەکێک لە سەرەتاییترین نموونە تۆمارکراوەکانی لەناوبردنی پەرتوک و بەڵگەنامە زانستییەکان لە ئەفغانستان، لەشکرکێشی مەغۆلەکانە لە سەدەی ١٣ی زایینیدابوو، کاتێک لەشکرەکانی جەنگیزخان هاتنە ناو بەلخ و غەزنە، نەک هەر هەزاران کەس کوژران، بەڵکو پەرتوکخانەکان و ناوەندە پەروەردەیی و ئایینییەکانیش سووتێنران و بەڵگەنامە مێژووییەکانیش تاڵان کران، دەوترێت پەرتوکخانەی بەناوبانگی غەزنە کە لە سەردەمی سوڵتان مەحمودی غەزنەیدا گەشەی کردووە، لەو ماوەیەدا بە تەواوی لەناوچووە.
لە سەردەمی سەفەویدا و دواتریش لە کاتی ململانێی تائیفی و نەتەوەیی، پەرتوکی سەر بە مەزهەبە ئایینییە جۆراوجۆرەکان و دەقی زانستی لەناو دەچوون، ئەم نەخشەیە بە هێواشی بەڵام بە جێگیری لە ماوەی سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمدا بەردەوام بوو، بە تایبەت لە کاتی ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان هۆز و شازادەکانی ئەفغانستان.
لەگەڵ هاتنە ناوەوەی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا بۆ ناوچەکە و سەرهەڵدانی سێ شەڕی ئینگلیز و ئەفغانستان لە سەدەی نۆزدەهەمدا، پەرتوکخانەکان و ناوەندەکانی پەروەردەیی زیانێکی بەرچاویان بەرکەوت، لە زۆر کەیسدا هێزە بیانییەکان بە ئاماژەدان بە نیگەرانییە ئاسایشییەکان یان بۆ سنووردارکردنی سەرهەڵدانی بەرخۆدانی فیکری، سەرچاوە ناوخۆییەکانیان کۆکردەوە و لەناویان دەبرد، ئەم سیاسەتە زیانێکی دیکەی لە یادەوەری کولتووری ئەفغانستاندا.
لە سەدەی بیستەمدا، لەگەڵ دەستپێکردنی سەردەمی ئەمانوڵاخان (١٩١٩-١٩٢٨)، هەوڵەکان بۆ مۆدێرنکردنی کولتوور و پەروەردە و پەتووکخانەکان لە ئەفغانستان دەستیان پێکرد، پەرتوکخانەی گشتی کابول دامەزرا، کە دەستنووسە بەنرخەکانی تێدابوو، بەڵام ئەم سەقامگیرییە کولتوورییە زۆری نەخایاند.
لە کودەتاکە بە پێشەنگایەتی حکومەتی لایەنگری سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٨ و هاتنە ناوەوەی سوپای سۆڤیەت بۆ ئەفغانستان، وڵاتەکە چووە قۆناغێکی شەڕ و کاولکاری کولتوورییەوە، جگە لە کوشتنی ڕۆشنبیران و پرۆفیسۆرەکان، بە بیانووی "دژایەتی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی" چەندین پەرتوک کۆکرانەوە و لەناوبران، لەم ماوەیەدا بەشێک لە پەرتوکخانەکان گۆڕدراون بۆ ناوەندی پڕوپاگەندە، کەشوهەوای ئازادی فیکری نەهێشت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێکخراوە جیهادییەکان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ١٩٩١ و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، کابول لە داروپەردوودا کورت بووەوە، زۆرێک لە پەرتوکخانەکان لەوان پەرتوکخانەی زانکۆی کابول زیانێکی زۆریان پێگەیشت، هەروەها پەرتوکخانە تایبەتەکانی سەر بە زانا و پرۆفیسۆر و نووسەران تاڵان کران و وێران کران، ئەو پەرتوکانەی ناوەڕۆکی نائاینی یان فەلسەفییان تێدابوو، هەروەها بەرهەمی نووسەرانی ژن، بە ئەنقەست لەناو دەچوون، دەوترێت لەم ماوەیەدا نزیکەی یەک ملیۆن پەرتوک لەناوچوون.
یەکێک لە تاریکترین بابەتەکانی مێژووی پەرتوک سووتاندنی پەرتوک لە ئەفغانستان لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕوویدا، لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١. ڕوانگەی دژە شارستانی و دوژمنایەتیان لەگەڵ زانستە مرۆییەکان و هونەرەکان بووە هۆی داخستنی زۆرێک لە پەرتوکخانەکان، پەرتوکخانەی گشتی ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆری لە پەرتوکەکان لەناوچوون، یان بەهۆی ئەوەی "لەگەڵ یاسای شەریعەتدا ناگونجێت" یان بەهۆی ئەوەی بە زمانی بیانی نووسراون، هەروەها ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی وەک ئەرشیفی نیشتمانی، زانکۆی کابول، ناوەندی زانیاری ژنان لەناوچوون.
لەم ماوەیەدا تاڵیبان تەنانەت هەندێک پەرتوکی ئایینی قەدەغە کرد کە لەگەڵ لێکدانەوەکانی ئەواندا نەدەگونجا، بەرهەمە فەلسەفییەکان، ئەدەبیاتی مۆدێرن، مێژوو، بەرهەمە ڕۆژئاواییەکان و تەنانەت شیعری هاوچەرخ، بە تایبەت ئەوانەی کە ژنان نووسیویانە، بە چەواشەکارانە و دژە ئیسلامی پێناسە دەکران، لە هەندێک ناوچەدا هاوڵاتیان تەنها بەهۆی هەڵگرتنی پەرتوکێکەوە سزا دەدرا.
دوای ڕووخانی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان لە ئەفغانستان دەستیان پێکرد، پەرتوکخانەی گشتی بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە، هەروەها پڕۆژەی دیجیتاڵکردنی دەستنووسەکان بە هاوکاریی یونسکۆ و ژمارەیەک زانکۆی ڕۆژئاوا دەستیپێکرد، پەرتوکخانەی زانکۆی کابول وردە وردە نۆژەنکرایەوە و پڕکرایەوە بە هەزاران پەرتوکی نوێ، زۆرێک لە نووسەرانی ئەفغانی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، دەستیان کرد بە نووسین و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی مۆدێرن.
سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، نائاسایشیی و گەندەڵی کارگێڕی وەک بەربەستی سەرەکی لە بەردەم پەرەپێدانی پەرتوکخانەکان و بەرەوپێشبردنی کولتووری خوێندنەوە مایەوە، پەرتوکخانەی گشتی لە پارێزگاکاندا کەم بوو، زۆربەی خوێندنگەکان تەنانەت سەرەتاییترین کەرەستەی پەروەردەیییان نەبوو.
لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی ئابی ٢٠٢١، شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردنی کولتووری و سووتاندنی پەرتوک دەستیپێکرد، جارێکی تر ناوەندە ڕۆشنبیری و پەرتوکخانەکان داخران، پەرتووکەکان کەوتە ژێر سانسۆرێکی توندەوە، هەواڵی سووتاندنی ئەو پەرتوکانە هەبوون کە بە "نائیسلامی" دادەنرێت یان باس لە بابەتگەلێکی وەک مافی ژنان، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و مێژووی هاوچەرخ دەکەن.
لەم قۆناغەدا تاڵیبان دوژمنایەتیشی لەگەڵ تەکنەلۆجیای مۆدێرن نیشاندا، جگە لە سووتاندنی پەرتوکی نەریتی، ناوەڕۆکی دیجیتاڵی سڕدرایەوە، پەرتوکخانە ئەلیکترۆنییەکان داخران، سەرچاوەی زانیارییەکانیش بلۆک کران، ئەم ڕێوشوێنانە نوێنەرایەتی ئاڵەنگاریەکی گەورە دەکەن بۆ نەوەیەکی نوێی ئەفغانییەکان کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دەستیان بە خوێندن و زانیاری گەیشتوە.
سەرەڕای هەموو سەختییەکان، هێشتا بەرخۆدانی کولتووری لە ئەفغانستان زیندووە، بەشێک لە چالاکوانان و نووسەران و پەرتوکخانەوانانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی پەرتوک بڵاوکردنەوەی نهێنی کەرەستەی پەروەردەیی، تەنانەت دامەزراندنی پەرتوکخانەی گەڕۆک، لەنێو ئەم دەستپێشخەرییانەدا "پەرتوکخانەی نهێنی بۆ ژنان" هەیە کە بە بەکارهێنانی ئامرازە سەرەتاییەکان پەرتوک لە ناوچە دوورەکان دابەش دەکات، ئەمانە نموونەی سەرنجڕاکێشی خۆڕاگرین.
مێژووی پەرتوک سووتاندن لە ئەفغانستان چیرۆکێکی خەمناکە، بەڵام شانازی بەرخۆدانی کولتووری گەلێکە، لە خۆڵەمێشی پەرتوکە سووتاوەکانەوە هەمیشە دەنگەکان بەرز دەبنەوە، ڕاستی و هۆشیاری و هیوا بە زیندووی دەهێڵنەوە، تا مرۆڤێک لە ناو تاریکیدا دەستی بە پەرتوکێکەوە بگرێت، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بە تەواوی بیرکردنەوە بکوژێنێتەوە.