لە ماوەی یەک ڕۆژدا هێزەکانی ئیسرائیل دوو کۆمەڵکوژییان ئەنجامداو ٥٥ کەس کوژران
سەرەڕای چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام ژمارەی قوربانیانی جەنگ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
ناوەندی هەواڵ
شەڕی غەززە لە چوارچێوەی بۆردومانەکاندا چووە ٤٣٦ەم ڕۆژەوە کە ڕۆژانە دەیان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوو کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، بەمەش ژمارەی قوربانییەکان بۆ ٤٤ هەزار و ٩٣٠ گیان لەدەستدان و ١٠٦ هەزار و ٦٢٤ بریندار بەرزبووەتەوە.
میدیا فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر خوێندنگەی خەلیل عەویزە لە عەزبە بەیت حەنون لە باکووری کەرتی غەززە، کە خەڵکی ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، ١٥ کەس کوژراون و ژمارەیەک برینداریش هەن.
کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر خوێندنگەکە، چوار کەس لە خێزانێک کوژران کە باوک و دایک و دوو کچەکەیان بوون.
لەو بۆردومانەدا کە باڵەخانە نیشتەجێبوونەکانی باکووری ڕۆژئاوای نوسەیراتی کردە ئامانج، لە ئەنجامی بەئامانجکردنی خوێندنگەیەک کە ئاوارەکانی تێدابووە لەسەر شەقامی یافا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی غەززە، لانیکەم سێ کەس کوژران و کەسانی دیکەش برینداربوون، هەروەها خوێندگەی ماجیدە کە ئاوارەکانی تیدایە، کراونەتە ئامانج، کە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.