لە ماوەی هەفتەیەکدالە سودان ٤٦ هەزار کەس ئاوارە بوون
نوسینگەی کۆردیناسیۆنی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو ململانێیانەی لە هەفتەی ڕابردوودا ڕوویدا، ٤٦ هەزار کەس لە ویلایەتی جزیرا کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی سودان ئاوارە بوون.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی عومەر بەشیر بەڕاپەڕینی جەماوەری کۆتایی هات، حکومەتێک بە بەشداریی خەڵکی مەدەنی پێکهێندرا، سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێکەوە کودەتایەکیان لەدژی حکومەت دەستپێکرد و لەو کاتەوە ماوەی ١٨ مانگە ململانێی نێوانیان بەردەوامە، لە ئەنجامی ئەو ململانێیانەی لە سودان کە ماوەی ساڵ و نیوێکە بەردەوامە، ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١١ ملیۆن کەس ئاوارەبوون.
لە ماوەی یەک هەفتەدا ٤٦ هەزار کەس ئاوارە بوون
نووسینگەی کۆردیناسیۆنی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان "OCHA" ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو٤٦ هەزار کەس لە پارێزگای جزیرا لە ناوەڕاستی سودان بەهۆی زیادبوونی شەپۆلی توندوتیژی سەربازییەوە ئاوارەبوون، لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەفتەی ڕابردوو توندوتیژی و هێرشی سەربازی چەکداری لە پارێزگای جزیرە ڕوویداوە، لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران و بریندار بوون، کەسانی چەکدار تەقەیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە، هاوڵاتیانی دانیشتووی٣٠ گوند و شارۆچکە ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی و سوکایەتی و هەڕەشە کراون و ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
دەستێوەردانی بەپەلە پێویستە
لەڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداریش دراوە کە خەڵک ڕووبەڕووی هێرشی زۆر دەبنەوە، لەوانەش دەستدرێژی زایەندی و مردن، خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، تۆڕی پزیشکانی سودان لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکان لە پارێزگای جزیرە لە ناوچەی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە ١٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.