لە ماوەی هەفتەیەکدا چوار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی گیانیان لەدەستدا

وەزارەتی تەندروستی سودان گیان لەدەستدانی چوار منداڵی بەدخۆراکی لەئەنجامی نەبوونی خۆراکی چارەسەری لەو وڵاتە ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

سودان بەدەست کەمی خۆراکی توندەوە دەناڵێنێت لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بەهۆی ڕێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، کە بووە هۆی لەدەستدانی ژیانی منداڵان چەندین منداڵ توشی بەدخۆراکی بوون.

 

ڕۆژی ١٢ی تەمووز، هوەیدا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی سودان لە باشووری دارفور ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو چوار منداڵ لە ئەنجامی بەدخۆراکی لە ناوچەی تەلس گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژەی بەوەدا، ئەو منداڵانە ماوەی مانگێکە بە بەردەوامی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە بواری خۆراکدان بەرپرسیارن لە مردنی هەر منداڵێک بەهۆی بەدخۆراکی لە باشووری دارفور، بەهۆی کەمتەرخەمی لەلایەن تەندروستی جیهانییەوە، یونیسێف ، و بەرنامەی جیهانی خۆراک.

 

هوەیدا عەبدوڵا، یونیسێفی شەرمەزار کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستی بچووکترین توانای دەستوەردانی نییە چونکە بەهۆی شەڕەوە هەموو ئامرازەکانی جووڵەی لەدەستداوە.

 

لای خۆیەوە هەماهەنگی گشتی بۆ ئاوارەکان ڕاپۆرتی دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن لە کامپی کەلمە لە دارفور گەیشتووەتە ٦ منداڵ، بارودۆخی ئەوێ بە هۆی کەمی خۆراکەوە بەرەو خراپتر دەڕوات.

 

 لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، پێوەرەکانی ئاسایشی خۆراکی جیهانی لەڕاپۆرتێکدا هۆشدارییان دابوو کە١٤ ناوچە لە سودان ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سودان ڕووبەڕووی خراپترین ئاستی نائاسایشی خۆراکی توند بووەتەوە، تێکچوونی خێرای دۆخی مرۆیی لە سودان هەیە، هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ٦.٢٥ ملیۆن کەس لە ماوەی نێوان مانگی حوزەیران، ئەیلول و تشرینی یەکەمدا ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک یان بارودۆخی توند بوونەتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٧٥٥ هەزار کەس لە سودان ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین ئاستەکانی برسێتی دەبنەوە، هەروەها ٨.٥ ملیۆن کەس، واتە نزیکەی ١٨%ی دانیشتووان، بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن کەڕەنگە ببێتە هۆی بەدخۆراکی توند و گیان لەدەستدان.