لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی دوو هەزار کەس لە سودان هەڵاتوون

ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە هەم بەهۆی هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" لە هەندێک لە هەرێمەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ٣٨٠خێزان ماڵەکانیان جێبهێڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆربەی دانیشتووانی سودان بەهۆی نەتوانینیان بۆ دروستکردنی خانووبەرەی جێگیر، لە خانوویەکی وەهادا دەژین، کە بە خێرایی گڕدەگرێت کاتێک بەر ئاگر دەکەون.

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕۆژی ١٦ی ئایار رایگەیاند، نزیکەی دوو هەزار کەس لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە گوندەکانی ژمارەیەک لە هەرێمە جیاوازەکانی سودان ئاوارە بوون.

 

لێکۆڵینەوەیەک کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن پڕۆژەی شایەتحاڵانی سودانەوە ئەنجامدراوە بۆ ناوەندی هەستانەوەی زانیاری لە بەریتانیا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ئاگرەی کە وەک چەکێک بەکارهێنرا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا زیانی بە ٧٢ گوند گەیاندووە، بەمەش کۆی ئەو گوندانەی بەهۆی ئاگرەکەوە وێران بوون گەیشتە ٢٠١ گوند.

 

زۆربەی دانیشتووانی گوندەکانی سودان ، کە ٦٤%ی دانیشتووانی سودانن و ژمارەیان ٤٩ ملیۆن کەسە، لەو خانووانەدا دەژین کە دەسووتێن کاتێک ڕووبەڕووی ئاگر دەبنەوە چونکە ناتوانن خانووبەرەی جێگیر دروست بکەن.

 

هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتبارکراوە بە سوتاندنی گوندەکانی ڕۆژئاوا و باکووری دارفۆر بەهۆی ئاوارەبوونی بەزۆری دانیشتووانەکەیان و دواتر بەکارهێنانی وەک پێگەی بەرگری یان هێرشی سەربازی لە چوارچێوەی جەنگدا.