ژنی کورد و گۆڕانی کەشوهەوا: قوربانیی بێدەنگ یان گۆڕانخواز؟

سەرەڕای زیادبوونی فشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ژنانی کورد ئازایەتی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا سەلماندووە، ئەمەش لە سایەی لێهاتوویی و داهێنان و دەستپێشخەرییەکانیان کە بەشدارن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و نۆژەنکردنەوەی ژینگە.

ورمێ

 

گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە گەشەسەندووەکان، کە ژیانی ڕۆژانەیان بە پلەی یەکەم پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان دەبەستێت. وشکەساڵی و کەشوهەوای ناڕێک زیاتر بارگرانییان لەسەرە، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبنەوە کە مەترسی لەسەر بژێوی ژیانیان و تەندروستی جەستەیی و دەروونییان دروست دەکەن.

 

گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی جیهانییە کە کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان هەیە لە سەرانسەری جیهاندا. بەڵام ژنان بە تایبەت لە پێکهاتە ناپێشکەوتووەکانی وەک کوردستان، بارگرانییەکی ناڕێژەیی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ژنانە تەنها قوربانیی بێدەنگ نین. بەڵکو وەک بزوێنەری گۆڕانکاری و پێشەنگ لە پاراستنی ژینگەدا ناسراون، بە سوودوەرگرتن لە زانیاری و داهێنانە تەقلیدییەکانیان. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتەسەر کۆمەڵگەکانی کوردستان، بەدواداچوون بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژیانی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگاریە.

 

مێژوو... ژن و سروشت: پەیوەندییەکی کۆن

ژنان لە پێکهاتەکانی کوردستان لە کۆنەوە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان بینیوە. ئەوان ئاو کۆکەرەوە و جووتیار و پارێزەری ئاژەڵ بوون، پشتیان بە زانیارییە تەقلیدییەکانیان دەبەست بۆ پاراستنی هاوسەنگی ئیکۆسیستەمی ناوخۆیی. لە فەرهەنگی کوردیدا، ڕۆڵی ئەوان تەنیا لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بنەماڵەدا سنووردار نەبووە، هەروەها ڕێگەی بەردەوامیان بەکارهێنا بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی سەرچاوە سروشتییەکان. بۆ نمونە لە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان ژنان بۆ پاراستنی پیتی خاک پشتیان بە ئاودێری تەقلیدی و تەکنیکە کشتوکاڵییەکان بەستبوو.

 

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژنان

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ناڕێژەیی لەسەر ژنان هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە دواکەوتووەکاندا کە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان سنووردارە. بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی نەریتی خۆیان لە دابینکردنی ئاو و خۆراک و سووتەمەنی، خۆیان لە پێشەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەی ئەم قەیرانەدا دەبیننەوە.

 

کاریگەرییە هەرە بەرچاوەکان بریتین لە کەمی ئاو و زیادبوونی بارگرانی ڕۆژانە لە گوندەکاندا، ژنان بە شێوەیەکی نەریتی بەرپرسیارن لە کۆکردنەوەی ئاو. لەگەڵ خراپتربوونی وشکەساڵی، مەودای پێویست بۆ کۆکردنەوەی ئاو زیادی کردووە. لەکوردستان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا کاتژمێرەکانی کۆکردنەوەی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو، کە دەستڕاگەیشتن بە ئاو ئاسانتر بوو.

 

بژێوی ژیانیان لە مەترسیدایە، زۆرێک لە ژنانی کوردستان بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن. بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانەش داڕمانی خاک و شێوازی ناڕێکی کەشوهەوا، بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی، ئەمەش زیان بە بژێوی ئەو خێزانانە دەگەیەنێت کە زۆر پشت بە کاری ژنان دەبەستن لەم کەرتەدا. ئەم کاریگەرییانە نەک هەر مەترسی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی ژنان دروست دەکەن، بەڵکو توانای پشتگیریکردنی خێزان و کۆمەڵگەکانیان سنووردار دەکەن، ئەمەش دەیانخاتە ناو سووڕێکی هەژاری و لاوازی کۆمەڵایەتییەوە.

 

ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی ژینگەدا

سەرەڕای ئاڵەنگاریە گەورەکان، ژنان لە کوردستان بە تێکەڵکردنی زانیاری تەقلیدی لەگەڵ داهێنانە مۆدێرنەکان، توانای خۆیان سەلماندووە کە لە قوربانیی نەرێنی بۆ بریکاری گۆڕانکاری. چارەسەری بەردەوامیان پێشکەش کردووە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا. لە دیارترین هەوڵەکانیان هەڵمەتەکانی چاندنی نەمامە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕۆژئاوا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچن، ژنان پێشەنگایەتی هەڵمەتی "با ڕۆژئاوا دووبارە سەوز بکەینەوە"، چاندنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار نەمام بۆ نۆژەنکردنەوەی زەوییە تێکچووەکان. ئەم پڕۆژەیە نەک هەر بەشداری لە نۆژەنکردنەوەی ئیکۆسیستەمەکاندا کردووە، بەڵکو ژنانی بەهێز کردووە بۆ ئەوەی چالاکانە بەشداری بڕیارە ژینگەییەکان بکەن، ببێتە مۆدێلێک بۆ کوردستان و ناوچەکە و جیهان.

 

پەروەردە و هۆشیاری،لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک شەنگال، مەریوان، مەهاباد، ژنان کار بۆ پەروەردەکردنی نەوە گەنجەکان و پێکهاتە ناوخۆییەکان دەکەن سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ژینگە. ئەوان وۆرکشۆپ لە خوێندنگەکاندا ڕێکدەخەن بۆ فێرکردنی منداڵان لە چۆنیەتی دوبارە بەکارهێنان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک، ئەمەش بەرەوپێشبردنی کلتوری بەردەوامیی.

 

کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، لەم ساڵانەی دواییدا ژنانی کورد پەیوەندییان بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی دارستانەکانەوە کردووە لە چیای زاگرۆس. ئەم تیمە خۆبەخشانە کە بە کەرەستەی سادە چەکدارن، بارودۆخی مەترسیداری ئازایانە بۆ ڕزگارکردنی دارستانەکان لە ئاگرکەوتنەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانییەوە دروست دەبێت.

 

هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی ژینگە، لە شارەکانی وەک سنە، مەهاباد، ورمێ، گروپەکانی ژنان پێشەنگایەتی هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی ناوچە سروشتییەکان دەکەن، پاشماوەی پلاستیکی، پاشماوەی دیکەی شاخ، ڕووبارەکان کۆدەکەنەوە، بەشداری لە پاراستنی ژینگەدا دەکەن. ئەم دەستپێشخەرییانە ئەوە دەردەخەن کە ژنان بەهۆی لێهاتوویی و داهێنەرییەکانیانەوە دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەڕاندنەوەی ژینگە.

 

ئاڵەنگاری و بەربەستەکان کە دەبێت لاببەن

سەرەڕای توانای گەورەی ژنان، بەڵام چەندین بەربەست هەن کە بەشداریکردنیان سنووردار دەکەن. لەوانە نایەکسانی ڕەگەزی لە کوردستاندا، کە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی دارایی و زەوی و پەروەردە نایەکسانی ژنان توانای جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەتر سنووردار دەکات. ژنان لە کوردستاندا بە دەگمەن کاری فەرمییان هەیە، کۆت و بەندێک کە کاریگەرییان سنووردار دەکات.

 

نائاسایشی سیاسی، دۆخی ئاسایش لە ئێران بە تایبەتی بۆ ژنان، بە هۆی ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە ڕاپەڕینەکانی کۆمەڵگە لە ساڵانی ڕابردوودا، مەترسی بۆ سەر چالاکی ژینگەیی ژنان دروست کردووە. هێزە ئاسایشییەکان لە کۆماری ئیسلامی چەندین چالاکی ژنیان دەستبەسەر کردووە. هەژاری ئابووریش ئامادەیە، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. زۆرجار ژنان بودجەی پێویستیان نییە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان، ئەمەش وا دەکات جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەتر و بەردەوامتر قورس بێت.

 

چارەسەرەکان

بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕێوشوێنی کردەیی پێشنیار دەکرێن، لەوانەش دیموکراتیکردن، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا بگێڕن. بۆیە لە وڵاتانی وەک ئێراندا کەشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیموکراتیک درووست بکرێت، کە کۆت و بەندی سیاسی و نائارامی کۆمەڵایەتی چالاکییەکانی ژنان سنووردار دەکات، زۆر پێویستە.  چاکسازیی پێکهاتەیی زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و بەشداریکردنی یەکسانیان لە پڕۆژەکانی ژینگەدا.

 

پشتگیری دارایی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە جیهانییەکان دەتوانن کاریگەری ژنان بەرز بکەنەوە بە دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژەکانی پێشەنگایەتی ژنان. بۆ نموونە، سندوقی کەشوهەوای سەوزی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت سەرچاوەی دارایی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە پەروەردە و بەهێزکردنانە تەرخان بکات، وۆرکشۆپی خولی پەروەردەی لەسەر کشتوکاڵی بەردەوام، بەڕێوەبردنی ئاو، وزەی نوێبووەوە ئەنجام بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی کاریگەرتر لە چارەسەرە ژینگەییەکان.

 

ژنان لە پێکهاتەی کورد تەنیا زیابەرکەوتووی بێدەنگی گۆڕانی کەشوهەوا نین، ئەوان هۆکاری گۆڕانکارین. لە ڕێگەی زانیاری و ئەزموون و داهێنانی تەقلیدییەوە، چارەسەری بەردەوام پێشکەش دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. بەڵام بەدیهێنانی ئەم توانایە پێویستی بە زاڵبوونە بەسەر ئاڵەنگاری وەک نایەکسانی ڕەگەزی، نائاسایشی و هەژاری، پشتگیری ئامانجدار بۆ ژنان لە ڕێگەی بودجە و پەروەردە و سیاسەتی گونجاوەوە نەک تەنها یارمەتی پاراستنی ژینگە دەدات، بەڵکو دادپەروەری ڕەگەزی و بەردەوامیی کۆمەڵایەتیش بەرەوپێش دەبات.