لە کۆیە کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕۆمانی ''مرواری تاقانە'' بەڕێوەچوو
دوێنێ لە شاری کۆیە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیران و ئەدەب دۆستان، کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕۆمانی ''مرواری تاقانە'' لە نووسینی لاڤە ئاسۆ ڕێکخرا.
شیا کۆیى
کۆیە- دوێنێ ٢ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی داڵدار لە کتێبخانەی گشتی شاری کۆیە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیران و خوێنەران و ئەدەب دۆستان کۆڕێک بۆ ناساندن ڕۆمانی ''مرواری تاقانە'' بەڕێوەچوو.
''هیواخوازم ئەو ڕێچکەیە بشکێنم کە هەر پیاوان پێشەنگبن لە بواری نووسیندا''
لاڤە ئاسۆ، نووسەرى ڕۆمانی''مرواری تاقانە'' باسی ناوەرۆکى پەرتووکەکەی کرد، وتی: ڕۆمانەکەم یەکەم بەرهەمی منە و هیواخوازم ئەو ڕێچکەیە بشکێنم کە هەر پیاوان پێشەنگبن لە بواری نووسیندا، هەروەها ژنان نووسین لە ناخیاندایە و دەیانەوێت بە ئازادانە دەریببڕن، لەبەرئەوە دەبێت ژنان لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن.
وتیشی: گرنگە ژن نووسەربێت، چونکە ئەوەندەی ژن هەست بە کێشەکانی ژنانی تر دەکات، ئەوەندە پیاوان ناتوانن هەستی پێبکەن و لەژن تێبگەن.
''جێگەی شانازی و دڵخۆشییە کە بینیمان ئەمڕۆ ژنێک ڕۆمانێکی نووسیوە''
سەمیرە یاسین، چالاکوان ومامۆستاى زمانى کوردى، وتى: من بۆ پاڵپشتی لاڤەخان هاتووم و پاڵپشتی دەکەم، هەروەها جێگەی شانازی و دڵخۆشییە کە بینیمان ئەمڕۆ ژنێک ڕۆمانێکی نووسیوە، چونکە گرنگە ئێمەی ژنان بێینە ناو گۆڕەپانەکەوە و بە ئازادانە دژی ئەوانە بنووسین کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدەن، هەروەها بڵێین ئێمەش هەین و دەتوانین شان بەشانی پیاوان ڕۆڵمان هەبێت لە بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگە.
''دەتوانین لە ڕێگەى نووسینەوە ڕوووبەڕووى توندوتیژى ببینەوە''
بەهرە جەمال، چالاکوان لە بوارى کۆمەڵگەى مەدەنى و ژنان، وتى: من باوەڕم بەوەهەیە کە دەتوانین لە ڕێگەى نووسینەوە ڕوووبەڕووى توندوتیژى ببینەوە بە تایبەتى ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەر ژنان و کۆمەڵگە دەکرێت، چونکە ئێمە بەدەست و پەنجەیەکی نەرم دەنووسین، هەرئاواش کاریگەریمان لە سەر خەڵک و کۆمەڵگە دەبێت.
جەختیشی کردەوە، لە نووسیندا بابەتەکان ڕۆڵ دەبینین کە ئایا ئەو نووسینە تاچەند کاریگەری هەیە، چونکە نووسین دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی و نەرێنیشی هەبێت، هەروەها ئەگەر ژن نووسەر بێت لە هەربوارێکدا گرنگە، چونکە ژن دەتوانێت بیری کەسەکان و کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان بگۆڕێت، بۆیە نووسینی ژنان زۆر کاریگەرە لە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.
''ژنان لە تاوانایاندایە و دەتوانن بنووسن لە هەموو بوارێکدا''
پەرى سەعید، دایکى لاڤە ئاسۆ، وتى: شانازى بەکچەکەمەوە دەکەم کارێکى زۆر جوانى کردووە و هیوادارم ژنانى دیکەش چاو لەم بکەن و بنووسن تا ڕۆڵی ژنان بەرەرەوپێش ببەن، هەروەها ئەو ژنانەشی کە شتێک لە ناخیاندایە بەنووسین دەریببڕن و بیکەنە پەرتووک، چونکە ژنان لە تاوانایاندایە و دەتوانن بنووسن لە هەموو بوارێکدا، هیوادارم نموونەیان زۆربێت وەکو کچەکەی من.