لە کەرکوک ژنێک لە لایەن کوڕەکەیەوە کوژرا

لە گوندی تەرکەلان لە کەرکوک، ژنێک لەلایەن کوڕەکەی بە چەک لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژراو پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.

کوشتن و گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنان بەردەوامی هەیەو ژنان زۆرینەی کات لەلایەن کەسانی ئەندامانی خێزان و دەوروبەریان دەکوژرێن، لە نوێترین ڕووداودا ژنێک لەلایەن کوڕەکەی لە کەرکوک کوژراو بەەمش لە مانگی نیساندا ئەمە چوارەم ڕووداوی کوشتنی ژنانە لە باشووری کوردستان، کۆی گشتی لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٢٠ حاڵەتی کوشتن یاخود گیانلەدەستدانی  گوماناویی ژنان.

 

ئەمڕۆ ٢٥ی نیسان، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، لە گوندی تەرکەلانی سەر بە شارەدێی تۆپزاوا لە کەرکوک، ژنێک بەناوی "س، ع، م" لەلایەن کوڕەکەی بە سەختی بریندارکرا.

 

ئاماژە بەوەکراوە،  بەهۆی ئەوەی گولـلەکە به‌سه‌ر سینگی ژنەکە كه‌وتووه‌ و برینەكەی سەخت بووە، پاش كەمێک گیانی له‌ده‌ستداوە.

 

پۆلیس لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، گوایە کوڕەکە بە هەڵە و لە کاتی دەستکاریی کردنی چەکەکە گولـلەی لە دایکی داوە، بەڵام لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

 

کۆتایی ساڵی ڕابردوو هەر لە کەرکووک هەواڵی کوژرانی ژنێک بە هەڵە لەلایەن کوڕە حەوت ساڵانەکەیەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر ئاشکرا بوو، کە ڕووداوەکە بە هەڵە نەبووە و بەڵکو هاوژینی ژنەکە کوشتوویەتی.