لە کۆنگۆ ٢٠٢ کەس بە ڤایرۆسی ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە

سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەفریقا ڕایگەیاند، ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک بە خێرایی بڵاودەبێتەوەو تەنیا لە ماوەی مانگێکدا ٢٠٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەفریقا (Africa CDC) سەبارەت بە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆ و ژمارەى قوربانییەکان بەو ڤایرۆسە ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک تا ئێستا ٨٧٥ حاڵەتی تووشبوون بە ئیبۆلا پشتڕاستکراوەتەوە، لە ماوەی مانگێکدا ٢٠٢ کەس بە  ڤایرۆسی ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە، ڕێژەی مردن گەیشتووەتە ٢٣٪، ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکى خێرا بڵاوبووەتەوە.

 

ویسام مەنکولا، بەرپرسی باڵا لە سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، نیگەرانی قووڵی خۆی لە دۆخی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەربڕی و ڕایگەیاند: گه‌وره‌ترین کێشەمان لە ئێستادا، پرۆسەی بەدواداچوونی ئەو کەسانەیە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشەکاندا هەبووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و نەبوونی ڕێگای گونجاو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ (لە پارێزگاکانی ئیتوری، کیڤۆی باکوور و کیڤۆی باشوور)، تیمەکانیان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ناتوانن بە شێوەیەکی باش بەدواداچوون بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بکەن.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڤایرۆسەکە سنوورەکانی بەزاندووە و گەیشتووەتە وڵاتی ئۆگاندای دراوسێ، بەڵام بەهۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و خێرا لەو وڵاتەدا، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و تەنها ١٩ حاڵەتی تووشبوون و دوو مردن تۆمارکراون، کە زۆربەیان ئەو گەشتیارانە بوون کە لە کۆنگۆوە گەڕابوونەوە.