لە کۆنفرانسی ژنۆلۆژی نەخشەڕێگای قۆناغی نوێ دیاری دەکرێت

بە دروشمی "بە ژنۆلۆژی بەرەو بونیادنانی ژیانی ئازادی کۆمیناڵ" کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، لە کۆنفرانسەکەدا کە لە ١٦-١٨ی تشرینی یەکەم لە هۆڵەندا سازدەکرێت، ڕۆڵی ژنۆلۆژی، ئەزموونەکانی ئەوروپا و دیدگاکانی خۆڕێکخستنی قۆناغی نوێ تاوتوێ دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هۆڵەندا، بە دروشمی "بە ژنۆلۆژی بەرەو بنیادنانی ژیانی ئازادی کۆمیناڵ" لە نێوان ڕێکەوتی ١٦-١٨ی تشرینی یەکەم کۆنفرانسی ژنۆلۆژیی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی ئەندامانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و کۆمیتەی ژنۆلۆژیی ئەوروپا سازدەکرێت و تەوەری سەرەکی بریتییە لە "ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیادنانی ژیانی دیموکراتیک و کۆمیناڵدا".

 

لە کۆنفرانسەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئەزموونە دەکرێت کە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی کارکردنی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا لە بوارەکانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، بەرهەمهێنانی زانینی ئەلتەرناتیڤ و خۆجێی، ئەزموونەکانی ژیانی کۆڵێکتیڤ، پەروەردەی دیموکراتیک و تەبایی کۆمیناڵدا، کەڵەکە بووە. هەروەها ئامانج لە کۆنفرانسەکە پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنۆلۆژییە لە بنیادنانی کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتووە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە دەربارەی ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە ئامانجیان گەشەپێدانی دیدگایەکی هاوبەشە سەبارەت بە ئایندەی ژنۆلۆژی کە لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپا و تەواوی جیهاندا ئەزموون و پراکتیکێکی بەرچاو و گرنگی هێناوەتە ئاراوە.


ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بونیادنانی کۆمەڵایەتیدا تاوتوێ دەکرێت

لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، ئەزموونی دە ساڵەی کارەکانی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا لە ڕووی مێژوویی، کۆمەڵناسی و دامەزراوەییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمیناڵەوە، ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیادنانی کۆمەڵایەتی و مۆدێلی دامەزراوەیی قۆناغی نوێ گفتوگۆ دەکرێت.

 

پەرەپێدانی دید و هەڵوێستێکی هاوبەش سەبارەت بەوەی چۆن دیدی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە تەوەرەی ئازادیی ژن لە هەلومەرجی ئەوروپادا کۆمەڵایەتی بکرێت، یەکێکە لە ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ڕێبازانە تاوتوێ دەکرێن کە ئامانجیان گەشەپێدانی پراکتیکیانەی ژنۆلۆژییە لە بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە، پەروەردە، کولتوور، هونەر و ڕێکخراوەیی و دامەزراوەییدا. 

 

جگە لە داماڵینی زانین لە کاریگەرییە کۆلۆنیالیستییەکان (داگیرکارییەکان) و پەرەپێدان و دەوڵەمەندکردنی ڕێبازە هاوچەرخەکانی بەرهەمهێنانی زانینی ئەلتەرناتیڤ ، دەرفەتەکانی دیالۆگ و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ تێکۆشانی جیاوازی ژنان لە ئەوروپا، ئەزموونە فێمێنیستییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دیموکراتیکەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.


لە سێ ڕۆژدا سێ دانیشتنی سەرەکی و گروپی کار بەڕێوەدەچن

بەرنامەی کۆنفرانسەکە کە ئامانجی تاوتوێکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان و دانی بڕیاری هاوبەشە، لە دەوری سێ دانیشتنی سەرەکی و حەوت گروپی کار دا شێوە دەگرێت. کۆنفرانسەکە لە ڕۆژی یەکەمدا بە وتاری کردنەوە و خوێندنەوەی پەیامەکان دەست پێدەکات و دانیشتنێک بە ناونیشانی " ژنۆلۆژی: زانستی بنیادنانی ناسنامەی ژن لەسەر بنەمای ئازادی" بەڕێوەدەچێت. لە دانیشتنەکەدا ئەزموونی دە ساڵەی ئەوروپا، دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان و دیدگاکانی قۆناغی نوێ تاوتوێ دەکرێن.

 

لە دوانیوەڕۆدا، حەوت گروپی کار( وۆرکشۆپ)ی جیاواز بەڕێوەدەچن کە گفتوگۆ لەسەر پرسی پەیوەندیدار بە کۆمەڵایەتیکردنی ژنۆلۆژی، دامەزراوەییکردنی و خۆڕێکخستنەوە و وەرگرتنی ڕۆڵێکی دامەزرێنەر لە بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک-کۆمیناڵدا دەکرێت.

 

ناونیشانی گروپەکانی کار بریتیین لە:
١- مۆدێلی ڕێکخراوەیی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا
٢- پەروەردەناسی- پێداگۆگی ژنۆلۆژی
٣- خێزان، گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی پیاو
٤- یادەوەری ژن و کەلتووری بەرخودان
٥- ژنانی گەنج و ژنۆلۆژی
٦- ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژی و ژنۆلۆژی
٧- گرنگی و ڕێکخستنی کارەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە.


لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا دوو دانیشتنی سەرەکی لەژێر ناونیشانەکانی "بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کۆمیناڵ" و "کۆمەڵایەتیکردنی زانین و پاککردنەوەی زانست لە کاریگەرییە کۆلۆنیالیستییەکان" بەڕێوەدەچن.

 

لە دانیشتنی دووەمدا، ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە تێپەڕین لە "ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن"ەوە بۆ "سیاسیبوونی ڕزگاریی ژن" گفتوگۆ دەکرێت. لە دانیشتنی سێیەمدا، سەرنج دەخرێتە سەر ئەنجامی ڕێبازەکانی ئەلتەرناتیڤی پەروەردە کە ژنۆلۆژی لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا پەرەی پێداون و چۆنیەتی گەشەپێدانی ئەو ڕێبازانە.

 

لە چوارچێوەی پاککردنەوەی زانین لە کاریگەرییەکانی کۆلۆنیالیزم، ئامانج و ڕێبازەکانی توێژینەوەی ژنۆلۆژی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەکادیمیانەکانی ژنۆلۆژی لە ڕوانگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

 

ئەنجامی گروپەکانی کار بڕیاریان لەسەر دەدرێت

لە بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، ئەنجامی ئەو کارانەی لە حەوت گرووپی کار دا کراون، پێشکەش دەکرێن و بڕیاری هاوبەشیان لەسەر دەدرێت. کۆنفرانسەکە بە ڕەنگدانەوەی ئەنجامی گفتوگۆ و بڕیارەکانی سێ ڕۆژەکە لە ڕاگەیەندراوی کۆتاییدا، بڵاو دەکرێتەوە.