لە جەزائیر مافی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت

دوابەدوای پەرەسەندنی ڕێوشوێنەکانی دەسەڵاتدارانی جەزائیر لەدژی چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە زیادبوونی سەرکوتی سیستماتیک و پێشێلکردنی جدی ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانەش ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان لە جەزائیر ڕووبەڕووی ئاستەنگی و سنووردارکردنی توند دەبنەوە کە ئامانج لێی بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکانە، بەرکەوتنیان بە پێشێلکردنی مافە گەورەکان و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و لێپێچینەوەیانە.

 

ڕۆژی ٦ی ئادار، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا سەبارەت بە زیادبوونی سەرکوتی سیستماتیکی لەبەرامبەر داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە جەزائیر هۆشداری دا و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشێلکاریی جدی ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانەش ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوە ڕوودەدات.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسەڵاتدارانی جەزائیر لە ساڵانی ڕابردوودا سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و نەیارانی سیاسییان چڕتر کردووەتەوە و چەندین حاڵەتی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و لێپێچینەوە لە دەنگەکانی ڕەخنەگرانە لە حکومەت تۆمارکراون.

 

شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە سنووردارکردنی توند بۆ کۆبوونەوەی ئاشتیانە دەسەپێندرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی نیگەرانکەری ئازادییە گشتییەکان لە وڵاتەکەدا.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر پێچەوانەی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی جەزائیرن، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد کە ڕێز لە مافی تاکەکان بگرن بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دادگاییکردن.

 

ئەم هۆشدارییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە گۆڕەپانی سیاسی جەزائیردا بەرەو هەڵکشان دەچن و چالاکوانانیش ڕووبەڕووی سەختی زیاتر دەبنەوە لە ئەنجامدانی چالاکییەکانیان، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکانیان کردووە.