لە جوانڕۆ سەرەڕای نائارامییەکان داوای بونیادنانی ئاشتی دەکرێت

شەڕی مووشەکی نێوان ئیسرائیل و ئێران دۆخی نائاسایدیی لە جوانڕو دروست کردووە، هاوڵاتیان داوا لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن یەکبگرن و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ناوچەکە بونیاد بنێن.

سۆما کەرەمی

 

جوانڕۆ- لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی شەڕی مووشەکی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، دانیشتووانی شاری جوانروش شاهیدی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان بوون لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا دانیشتووانی شارەکە دۆخێکی مەترسیدار و پشێوی بەخۆیەوە بینیوە، ترس لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە و هەستکردن بە ئاسایش کاڵ دەبێتەوە.

 

لە کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی ڕۆژی ١٣ی حوزەیرانەوە ڕیزێکی درێژ لە نانەواخانە و بەنزینخانەکان دروست بوو، لە کاتێکدا هاوڵاتیان هەوڵیان دەدا خۆیان بۆ ڕۆژانی داهاتوو ئامادە بکەن بە کڕینی بڕێکی زۆر نان، بەرەو فرۆشگاکان بۆ کۆکردنەوەی کاڵاکانی وەک برنج و ڕۆن، هاوکات بەشێک لە فرۆشیاران دۆخەکەیان قۆستەوە و نرخەکانیان بەرزکردەوە، چاودێری نەکردنی حکومەت دۆخەکەی خراپتر کرد، هەندێک لە فرۆشگاکان ترسەکانیان زیاتر کرد بە کۆکردنەوەی کەلوپەلی سەرەکی یان داخستنی فرۆشگاکانیان.

 

ئینتەرنێت ئاستەنگ کراوە (دەستگەیشتن بە هەندێک ماڵپەڕ بلۆک کراوە) لە جوانڕۆ، تەنانەت دژە فلتەرکردنی پارەدار (ئەپەکانی ئاسایش کە پارێزگارییەکی پێشکەوتوو لە ڤایرۆسەکان دابین دەکەن) کار ناکات، هەروەها لە کاتی هێرشە مووشەکییە نوێیەکانی سەر شاری کرماشان بەشێک لە ڕێگاکان وێران بوون، لە هێرشەکەی سەر ماهیدشت، کۆمپانیای کایکۆ کە سەر بە سوپای پاسداران و کەرەستەی سەربازی بەرهەم دەهێنێت، کرایە ئامانج، هەروەها لە کنجاوەر و دالاهو تەقینەوەکان تۆمارکراون.

 

"ئێمە مەترسی ئەوەمان لەسەرە وەک قەڵغانی مرۆڤ بەکاربهێنین"

زینات کوهی، دانیشتووی شاری جوانڕۆیە، وتی: ئێمە لە مەترسی زیاتردا دەژین لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران، چونکە حکومەت گرنگی بە جوانرو نادات، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەت چەند جارێک لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا تەقەی لە دانیشتوانی شارەکە کردووە. ئێستا، هیچ هیوایەکمان نییە کە حکومەت بەرگریمان لێبکات، ترسمان هەیە وەک قەڵغانی مرۆڤ بەکاربهێنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێوارەی دوێنێوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ماڵەکانیان بەجێهێشتووە، پەنایان بۆ گوندەکان بردووە، بەتایبەت ئەوانەی لە نزیک بنکە سەربازییەکان دەژین.

 

"پێویستە یەکبگرین و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێین"

هەرچەندە زۆرێک لە بنەماڵەکان پەنایان بۆ گوندەکانی دراوسێ بردووە، بەڵام شەوی ڕابردوو دەنگی موشەکەکان کە لە کرماشانەوە ئاراستەی دڵی شاجی جوانرو کرابوون بیسترا، ئەم خێزانانە هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان لە فشار و دڵەڕاوکێ دوور بخەنەوە، بەڵام خەمی داهاتووی منداڵەکانیان سێبەرێکی قورسی بەسەر دڵیاندا هێناوە.

 

سوهەیلا وەیسی، هاوڵاتی وتی: بەپێچەوانەی بازاڕی ئاسایی شەممەی جوانرو، شارەکە ئارامیەکی نائاسایی بەخۆیەوە دەبینێت، هاوڵاتیان نیگەرانن لە کار و داهاتەکانیان، دۆخی ئابووری لەڕادەبەدەر ناسکە و ئەگەر تەنانەت بۆ چەند ڕۆژێکیش کار نەکەین، ناتوانین تێچووی ژیانمان دابین بکەین، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و هەڵاوسان فشارێکی بەرچاوی خستۆتە سەر خێزانە کەمدەرامەتەکان.

 

لەم کاتە سەختەدا دەنگی هاوڵاتیانی جوانرو لەگەڵ هەموو هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتووە، ئێمە شەڕمان ناوێت، گەل دەیەوێت کۆتایی بە ململانێ وێرانکەرەکانی نێوان دوو زلهێزی باڵادەست (ئێران و ئیسرائیل) بهێنێت، شەڕێک کە باجەکەی لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە نادرێت، بەڵکو لەلایەن هاوڵاتیان و ژن و منداڵ و کەسانی لاوازەوە دەدرێت.

 

سوهەیلە وەیسی داوای لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ کرد، لەم هەلومەرجە هەستیارانەدا جیاوازییەکانیان وەلا بنێن و یەکبگرن بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ، سیستەمێک کە لە ئیرادەی گەلەوە سەرچاوەی گرتووە، سیستەمێک کە پشت بە پێکهاتەکانی شەڕ نەبەستێت، بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگی ئاشتی و دادپەروەری و ژیان دەکات، نەک مووشەک و مەرگ.

 

ناوچەی ئاسایش و هۆشداری چۆڵکردن

هێزە ئاسایشییەکان خاڵی پشکنین بۆ پشکنینی بارهەڵگری قورس و نیمچە قورس و بچووک دادەنێن، ئەمەش ڕێگری لە جووڵەی هاوڵاتیان دەکات بۆ دەرەوەی شار. کەشێکی ئاسایشی لە شارەکەدا زاڵ بووە و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیانی زیاتر کردووە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٦ی حوزەیران، چەند تەقینەوەیەک لە ئاسمانەکانی سەر جوانرو بیسترا، ڤیدیۆکان بڵاوکرانەوە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی فەیلەقی ئەنسارول مەهدی کە لە نزیک شارەکە جێگیر بووە، ڕێگری لە مووشەکەکانی هاتوو دەکات، دوابەدوای ئەم کارانە، هاوڵاتیان ئاگادارکرانەوە کە شارەکە بەجێنەهێڵن، چونکە پێدەچێت ئیسرائیل پێگەکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی جوانروشدا بکاتە ئامانج.

 

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی سوپای پاسداران، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاوڵاتیان، هاتووچۆ لە دەرچوونی ڕێگای سپیدبێرگ و ڕێگاکانی نزیک بنکە سەربازییەکان قەدەغە کراوە، هۆشداری دراوە بە دانیشتوانی ناوچەی ئایشۆڵ کە دەستبەجێ چۆڵی بکەن، چونکە تەقەمەنی لە سەربازگەی ئەوێ هەڵگیراوە و ئەگەری هێرشێکی زۆریش هەیە.

 

هەروەها لە دوێنێوە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لەسەر ئەو ڕێگایانەی بەرەو شاهو و ڕێڕەوی شاخاویی سەربازگەی لێیە قەدەغە کراوە.

 

نیگەرانییەکی ڕاستی بۆ هاوڵاتیانی جوانرو دامەزراندنی بنکەی سەربازییە لە ناو شارەکە یان لە پەراوێزی شارەکەدا، زۆر کەس پێیان وایە ئەم بنکانە مەترسی لەسەر سەلامەتی دانیشتووان دروست دەکەن نەک پارێزگارییان لێ بکەن، لەکاتێکدا لە سەردەمی جەنگدا، بڕیارە بنکە سەربازییەکان دوور بن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ئەمە لە جوانرو و شارەکانی دیکەدا بەدی نەکراوە، ئەمەش وایکردووە ترس و نائاسایشی بەربڵاو لەنێو هاوڵاتیاندا دروست ببێت.