لە هەولێرەوە زیاتر لە ٢٥٠ ئاوارە گەڕانەوە نەینەوا

ئەمڕۆ ٢٥٩ ئاوارە لە كامپی "حەسەن شام یو٣" لە سنووری پارێزگای هەولێر گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە نەینەوا.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕانەوەی دەیان ئاوارە لە هەولێرەوە بۆ زێدی خۆیان لە سنووری پارێزگاكانی نەینەوا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت و وەزارەتەكەمان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئەمڕۆ ٢٥٩ ئاوارە لە كامپەكانی "حەسەن شام یو٣" لە سنووری پارێزگای هەولێر گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە سنووری نەینەوا.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، هاوكاری بەسەر ئەو ئاوارە گەڕاوانەدا دابەشكراوە، هەروەها ڕێنمایی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەمان كراوە، بەردەوام بن لە تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

 

پێشتر ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تا كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەخرێت، بەڵام تا ئێستا بەشێك لە كامپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر دانەخراون.