لە هەولێر ژنێک بە گوماناوی لە بەرزی کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا

ژنێکی دووگیانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، بە گوماناوی لە نهۆمی چواری شوقە کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە زیادبوونەو، هۆکارو ڕێگاکانی ئەم گیان لەدەستدانە کە زۆربەی کات کوشتنی ژنەکەیە نەک گیان لەدەستدانێکی ئاسایی، لە شێوازە کۆنەکانەوە کە سووتان و ڕێگای تر بوو گۆڕاوە بۆ کەوتنە خوارەوە لە بەرزی و کەوتنە ناو ئاوی ڕووبارو دەریاچەکان، بکوژانی ژن پێیانوایە بەم ڕێگا نوێیانە ئاشکرا نابن و دەیانەوێت بەم شێوەیە لە یاسا دەرباز ببن.

 

لە نوێترین ڕووداودا، ئێوارەی دوێنێ لە شاری هەولێر ژنێکی دووگیانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە نهۆمی چواری شوقەکەیانەوە کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا، ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو ڕووداوێکی تری هاوشێوە هەر لە شاری هەولێر تۆمار کرا. 

 

لەو بارەیەوە پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٦، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە لە بوونی ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی ژنێک لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە ئافرەتەکە بە ناوی (س. ا. ع)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ و بەڕەگەز کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 

 

ئەوەشیخستەڕوو کە دەستبەجێ هاوژینەکەی لەلایەن هێزەکانیان دەستگیرکرا، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ هاوژینی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش ڕووداوەکە دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ياساييەکان.