لە هەشت مانگدا لە باکووری کوردستان و تورکیا ٦٢ منداڵ لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە
شارەزای ئاساییشی کار دەنیز ئیپەک ڕایگەیاند، تاوەکو کارکردنی منداڵان مەرجی دابینکردنی بژێویی خێزانەکان بێت، کۆتایی بە زەمینەی ئابووریی کارکردنی منداڵان نایەت، کە تەنها لە ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٢ گیان لەدەستدانی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە تورکیا لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری کارکردنی منداڵان زیادی کردووە. بە گوێرەی داتاکانی تویک بۆ ساڵی ٢٠١٩، ٧٢٠ هەزار منداڵ کاردەکەن. بە گوێرەی داتاکانی ئیسیکیش لە هەشت مانگی سەرەتای ٢٠٢٦ـدا ٦٢ منداڵ لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە.
"پێمان وایە ژمارە ڕاستەقینەکە ملیۆنانە"
شارەزای ئاساییشی کار دەنیز ئیپەک ڕایگەیاند کە ژمارەی ڕاستەقینەی منداڵانی کرێکار لە تورکیا بەتەواوی نازانرێت و وتی: "ئەمڕۆ دڵنیا نین لەوەی کە لە تورکیا چەند منداڵی کرێکار کاردەکەن." و گوتیشی کە پێی وایە ژمارە ڕاستەقینەکە "بە ملیۆنان" بێت.
'زەمینەی ئابووریی کارکردنی ئەم هەموو منداڵە ئاشکرایە'
ئیپەک ڕایگەیاند کە بە یاسا سنوور بۆ کارکردنی منداڵان دانراوە، بەڵام زۆر منداڵ بە تۆمارنەکراوی کاردەکەن. ئیپەک ئاماژەی بەوە کرد کە نیشاندانی منداڵان وەکو "خوێندکار" یاخود "بەردەستی وەستا" هیچ لە مەترسیی کارەکە ناگۆڕێت.
ئیپەک ڕایگەیاند کە هەژاری منداڵان بەرەو کارکردن دەبات و گوتی کە کارگەکان پێویستیان بە هێزی کاری هەرزان هەیە و ئەمەش خواست لەسەر کارکردنی منداڵان زیاددەکات. ئیپەک گوتی کە ئەو پارەیەی منداڵان وەریدەگرن، بۆ زۆر خێزان سەرچاوەی بژێوییە.
"ڕەنجی منداڵان لە کارگەی بچووک و شوێنی کاری تۆمارنەکراودا ڕوو لە زیادبوونە"
ئیپەک ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵان لە زۆر بواری وەکو پیشەسازی، بیناسازی، کشتوکاڵ، لۆجستی و کەرتەکانی خزمەتگوزاریدا کاردەکەن. باسی لەوەش کرد کە لە کارگەی بچووک و شوێنی کاری تۆمارنەکراودا ڕێکارەکانی ئاساییشی کار لاوازترن.
ئیپەک ئاماژەی بەوە کرد کە مردنی منداڵانی کرێکار تەنها پەیوەندی بە کەموکوڕی ڕێکارەکانی ئاساییشی کارەوە نییە لە شوێنی کار. ئیپەک باسی لەوە کرد کە شوێنەکانی کارکردن چاودێری دەکرێن، بەڵام ئەم چاودێریکردنە ڕێگر نابێت لە بەرفراوانبوونی کارکردنی منداڵان.
دەنیز ئیپەک داوای ئەوەی کرد کە کارکردنی مندالانی خوار ١٨ ساڵ لە کاری مەترسیداردا بەئاشکرا قەدەغە بکرێت. هەروەها گوتی کە لەو شوێنانەدا کە کارکردنی منداڵان تێیدا زۆرە، پێویستە چاودێرییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە زیاتر بکرێن.
ئیپەک ئاماژەی بەوە کرد کە کارکردنی منداڵان تەنها بە دەستەبەرکردنی ئاساییشی کار لە شوێنی کارکردن چارەسەر ناکرێت و گوتی: "بابەتەکە ئەوە نییە کە منداڵان تا چەند سەلامەتتر کار بکەن، بابەتەکە ئەوەیە کە ئەو منداڵە بۆچی وەکو هێزی کار لەناو پرۆسەی بەرهەمهێناندایە."