لە هندستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە ٢٧ کەس کە زۆرینەیان منداڵن گیانیان لەدەستدا

شەوی ڕابردوو بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە پاركێكی قەرەباڵغی هندستان ٢٧ كەس گیانیان لەدەستدا، كە زۆربەیان منداڵ بوون، شەش کەسى دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکانى هیندستان بڵاویانکردەوە، شەوی ڕابردوو ٢٥ی ئایار بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە پاركێكی قەرەباڵغی شارى ڕاجکۆتى وڵاتەکە ٢٧ كەس گیانیان لەدەستدا، كە زۆربەیان منداڵ بوون، هەروەها شەش کەسى دیکەش بەهۆى ڕووداوەکەوە برینداربوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەن تیمەکانى پۆلیسەوە چوار کەس بەهۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

باس لەوەشکراوە، لەو كاتەی ئاگرەكە كەوتووەتەوە زیاتر لە ٣٠٠ كەس لە هۆڵى یارییەکەدا بوون، لە کاتى کەوتنەوەى ئاگرەکەدا یەكێك لە دەرگاكانی دەرچوون داڕماوە و بەهۆیەوە هاوڵاتیان گیریان خوارد بوو، ئەمەش وایكردووە دەرچوونیان سەخت بێت.

 

ئاگرکەوتنەوەکەی ڕاجکۆت گەورەترین کارەساتە لەدوای کارەساتێک لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، کە ١٤منداڵی خوێندکارو دوو مامۆستا کە بۆ گەشت ڕۆیشتبوون،  دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە دەریاچەی هارانی شاری ڤادۆدارا وەرگەڕا، خنکان.