لە هەفتەیەکدا هەزار تووشبووی کۆلێرا لە سودان تۆمار کراوە
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە هەزار حاڵەتی نوێی کۆلێرا لە سودان تۆمارکراوە.

سودان
سودان دۆخی تەندروستی و مرۆی تێکدەچێت، دانیشتوان ڕووبەڕووی کارەساتێکی تەندروستی بوونەتەوە، کە بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان نوێنەرایەتی دەکرێت و ڕۆژانە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژن، لەگەڵ تۆمارکردنی حاڵەتی نوێ، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو ململانێیە بەردەوامەی کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس.
پارێزگای ڕووباری نیل لە باکووری سودان، شایەتحاڵی کارەساتێکی مرۆی بوو دوای لافاو و بارانبارینی بەخوڕ کە چەندین ناوچەی لە سەرانسەری وڵاتەکەی گرتەوە، لەوانە خەرتومی پایتەخت و پارێزگای باکوور، لە شاری حەجەر عەسەل، داڕمانی خانویەک بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک و دوو ژن، هەروەها ئەو دوو برایە موسەعەب و وەعد عیماد لە شاری دامر لە ئەنجامی داڕمانی ماڵەکەیان بەهۆی باران بارین گیانیان لەدەستدا، بەپێی سەرچاوە ناوخۆیەکانی سودان، ڕۆژی ٢٧ی ئاب، پێنج برینداری دیکە لە هەمان ناوچە تۆمارکراون.
لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا دەرکەوتوە کە لافاو لە چەند ناوچەیەک دروست بووە، هاوکات ئاوی لافاو و ئاوی باران بەردەوامە لە گەمارۆدانی چەند گەڕەکێک، ئەمەش لەکاتێکدایە کە داوای هاوکاری لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەکرێت، ئەو باران بارینە زۆرە کە بۆ چەندین کاتژمێر لە باکووری سودان بەردەوام بوو، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بارانی بەخوڕ لە شارەکانی پارێزگای باکوور و پارێزگای ڕووباری نیل، هاوڵاتیان ڕایانگەیاندوە، کەماڵەکانیان لە ئاوی لافاوەکەوە نزیکە.
ماڵپەری "عەبری"، سەر بە یەکەی کارگێڕی ناوچەی وادی حەلفا، بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ و بەیانی ئەمڕۆ لافاوەکە گەیشتە لوتکە، ئاو گەیشتە ئەو ڕێگایەی کە شارۆچکەی ئاکاشا و وادی حەلفا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وە ڕێگای سەرەکی سودان و میسر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
دەسەڵاتدارانی ناوخۆی میرۆی باکووری پارێزگاکە پشتڕاستیان کردەوە کە ئاوی لافاو لە خور ئەبدۆم بۆتە هۆی پچڕانی ڕێگا ناوخۆیەکان و گۆڕینی هاتوچۆ بۆ پردی ئەبدۆم تەنها لەسەر ڕێگای نیشتمانی و ئاماژەیان بەوەدا، کە بڕێکی زۆر ئاوی لافاو لە دۆڵەکانی ناوچەی حامداب لە ڕۆژئاوا و دەقاویت تێپەڕیوە و ئەمەش ڕێگری هاتوچۆ لەو ناوچانەدا کردوە.
"مردن و برینداری نوێ"
وەزارەتی تەندروستی سودان ڕۆژی سێشەممە هەزار و ٢١٠ حاڵەتی نوێی کۆلێرای تۆمار کرد کە ٣٦ حاڵەتی گیانلەدەستدانیان هەیە، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا، لە ڕاگەیاندراوەکەدا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ەوە کە پەتاکە دەستیپێکردوە، ژمارەی توشبووانی کۆلێرا بۆ ١٠٢ هەزار و ٨٣١ کەس بەرزبووەتەوە، کە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٦١ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونیکردەوە، کە ڕێژەی توشبوون لە زۆرێک لە پارێزگاکاندا کەمیکردوە، لەکاتێکدا لە ژمارەیەک پارێزگای دیکەدا زیادیکردوە، بەبێ ئەوەی دیاریبکات کامیانن، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا، کە لە ٦ی ئاب، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە پەتایەکی کۆلێرا لە هەر ١٨ پارێزگای سودان دەستنیشان کراوە.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان لە سودان لەم ماوەیەدا هاوکاتە لەگەڵ ئازارەکانی گەلی سودان بەهۆی بەردەوامی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣وە، ئەم ململانێیە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس و پەنابەر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نەتەوە یەکگرتوەکان و دەسەڵاتە ناوخۆیەکان، توێژینەوەکانی زانکۆکانی ئەمریکا ژمارەی قوربانییەکان لە سودان بە نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس دەخەمڵێنن.