لە هەڵەبجە دەرچووانی دانەمەزراو گردبوونەوە
دەرچووانی دانەمەزراو لە هەڵەبجە گردبوونەوەو داوا دەكەن لیست و خاڵبەندی ناوی دامەزراوان ڕابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی ڕوون بێت لای هەمووان پرۆسەی دامەزراندن بەشێوەی شەفاف بەڕێوەچووە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ی کانوونی دووەم، پارێزگاری هەڵەبجە، دامەزراندنی ٥٠٠ كەسی بۆ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پارێزگاكە ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئەو فەرمانبەرانە لەو فەرمانگانەی ناوەكانیانی بۆ گەڕاوەتەوە دەست بەكاردەبن.
ئەمڕۆ ٢٩ی کانوونی دووەم، لە بەردەم بینای پارێزگاری هەڵەبجە، ژمارەیەك لە دەرچووانی دانەمەزراو، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و چەند داواكارییەكیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەرچووانی دانەمەزراو ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە خاڵبەندی دامەزراوان ڕابگەیەندرێت و زانیاری تەواو لەسەر پرۆسەی دامەزراندنەكە ئاشكرا بكرێت، كردنەوەی دەرگا و سكاڵا بەزووترین كات، بڵاوكردنەوەی ناوی ئەو ١١٤ كەسەی دیكە بڕیاربوو دابمەزرێن، هەروەها لادانی هەموو ئەو ناوانەی كەپێشووتر بەشێوەی گرێبەست دامەزراون، ئێستا لەناو دامەزراواندا ناویان هەیە، بەشێك لەو پسپۆڕییانە ڕێژەیەكی زۆری دەرچوونیان هەیە، بەڵام بەشێكی كەمیان لێ دامەزراوە داوا دەكەین ڕێژەكەیان زیاد بكرێت.
ئەوەشخرایەڕوو، هەرچەندە قسەوباس هەیە دەستوەردانی حزبی لەناو پرۆسەكەدا هەبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی ڕاست و دروستیان لەبەردەستدا نییە بەشێوەیەكی فەرمی.