لە گەرمیان ژنان دژی هەمواری یاسای باری کەسی گردبوونەوە

ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان و چالاکوانان دژ بە یاسای هەموارکراوەی باری کەسی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە ژنان و بزووتنەوە کرێکارییەکان و ئازادیخوازانی کرد، دژی هەمواری باری کەسی بووەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ ١٥ی ئاب، لە بەردەم دادگای بەرایی کەلار لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنانی گەرمیان و چالاکوانان دژی یاسای هەموارکراوەی باری کەسی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، بە مەبەستی ڕاگرتنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، کە بەپێی ئەو یاسایە ڕێگە بە فرە ژنی و هاوسەرگیری پێکردنی منداڵی ٩ ساڵ دەدرێت.

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن بەهار ئەحمەد، ئەندامی لقی گەرمیانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان خوێندرایەوە و وتی: دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق هاوشێوەی ڕژێمەکانی پێشوو بەردەوام لە ڕێگە جیاوازەکانەوە توێژەکانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن، ئەم دەسەڵاتە نوێیە بەردەوام لە هەوڵی پێداچوونەوەی دەستوور و یاسا بەجێماوەکانی دەسەڵاتی بەعسدایە، دەیانەوێت لەسەر ناوی مەزهەب و عەشیرەت کۆمەڵگە بەرەو دواوە بگەڕێننەوە، وەکو هەمیشەش هەموو تیرەکانیان سنگی ژن دەپێکن، شەپۆلێکی کۆنەپەرستی باڵی بەسەر کۆمەڵگە کێشاوە و هانی کوشتنی ژن و فرە ژنی دەدرێت، ڕەوت و لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت لە ڕێگای ئاڵوگۆڕێک لە یاسای باری کەسی، لەسەر ناوی مەزهەبی شەریعە یاسایەک بەسەر ژناندا بسەپێنن، مەترسیدارترینیشیان هاندانی فرە ژنی و دەرگا ئاوەڵاکردنە بۆ دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر منداڵی کچی تەمەن ٩ ساڵ لە ژێر ناوی هاوسەرگیریی مەزهەبیدا.

 

ئاماژە بەوەشکرا، خەڵکی عێراق نەریتی فرە ژنییان تێپەڕاندووە، کە چەند ژن پێکەوە بکەن بە کەرەستەی دامرکاندنەوەی هەوەسی پیاوسالاریی، ئەمش نەفرەتلێکراوە و سوکایەتییە بە مرۆڤ، لەوەش زیاتر دەستدرێژی بۆ کچی ٩ ساڵ، کە تەمەنێکە دەبێت فێری ئەلف و بێ بکرێت، تاوانێکە بۆ هەمیشە ژیانی ئەو کەسە نوقمی نەخۆشی دەروونی دەکات.

 

لە کۆتاییدا ئەو چالاکوانە وتی: وەکو ژنان بە هەموو توانامانەوە دژی ئەم کارە نامرۆڤانەیە دەوەستینەوە، هاوکات بانگەوازی لە خەڵکی جیهان و بزووتنەوە کرێکارییەکان، ژنان و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز بکەنەوە و و دژی ئەم سوکایەتییە بووەستنەوە، هەروەها گوشار بخەنەسەر لایەنە عێراقییەکان و پەرلەمان و دەزگای دادوەرییەکان، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە ڕابگرن.