لە غەززە ١٩٢ ڕۆژنامەنووس کە ١٧٨یان فەڵەستینی بوون کوژراون
بەپێی داتاکانی لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان "CPJ"، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لانیکەم ١٩٢ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن. بەپێی ئاماری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان "CPJ" لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لانیکەم ١٩٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون، لەو ژمارەیەش ١٧٨ ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی بوون.
ڕۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٥، پێنج ڕۆژنامەنووسی دیکە لە ناویاندا ئەنەس شەریف، پەیامنێری ناسراوی کەناڵی جەزیرە، لە هێرشێکدا بۆ سەر چادرێکی ڕۆژنامەوانی لە دەرەوەی نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززە، کوژران.
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی ئەندامانی ڕۆژنامەگەری لە غەززە ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگ، نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆ داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەکەن.