لە عەفرین شەڕی چەتەکان و گیان لەدەستدانی گوماناوی بەردەوامە
لە عەفرین بەهۆی شەڕ لە نێوان چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە دوو منداڵ برینداربوون، هەروەها ژنێکیش بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
لەو ناوچانەی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی داگیریان کردووە، تاوان و پێشێلکاری ترسناک بەرامبەر بە گەل و خاک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی ئەنجام دەدرێت، لە نێوان بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەم شێوەیە ناوچە داگیرکراوەکان بوونەتە جێگای گەرمی پێشێلکاری و تاوان، ئاسایش و سەلامەتی لەو ناوچانەدا بوونی نەماوە.
دەوڵەتی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە لە هێرشەکانی، دوێنێ ٢٨ی تەمووز لە عەفرین شەڕ لە نێوان چەتەکانی دەوڵەتی تورک ڕوویدا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هاوار 'ئانها' لە نیوەی شەودا، شەڕ لەنێوان ئەو گروپانەی بە ناوی "قوات مشتەرەکی" و "ئەحرارشەرقی" سەر بە تورکیا سەریهەڵدا، بەهۆی شەڕەکەوە بەشێک لە هاوڵاتیان موڵک و ماڵیان جێهێشت لە پاش چۆڵکردنیان ماڵەکانیان تاڵانکردن، هەروەها دوو منداڵ بریندار بوون.
جگە لەوەش حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتن و تاوانی بە ئەنقەست لەو ناوچانەی کە تورکیا و بەکرێگیراوەکانی کۆنترۆڵیان کردووە زیادی کردووە، هەر دوێنێ لە شاری داگیرکراوی عەفرین، ژنێک بە ناوی شیرین ئەحمەد کە تەمەنی ٢٧ ساڵە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.