پێنج سەندیکای کرێکاکاران لە فەرەنسا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدییان کرد

پێنج سەندیکای کرێکاری لە فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان کرد کە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی، کە پارێزەری مافەکانی کرێکاران و مافەکانی مرۆڤە هەڵبوەشێندرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێنج سەندیکای کرێکاری لە فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای ئازادکردنی شەریفە محەمەدیان کردو تێیدا هاتووە: شەریفە محەمەدی تەنها لەپێناو پاراستنی مافەکانی کرێکاران و ژناندا بەشداری خەباتی ئاشتییانە بووە و بەم هۆیەشەوە دادگایی دەکرێت، ئاماژە بەوەش کراوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ڕێگە بە شەریفە محەمەدی نەدراوە قسە لەگەڵ خێزانەکەی بکات، مافی تەلەفۆنکردنی لێ زەوت کراوە و لە مافی بەرگری لەخۆکردن بێبەش کراوە، باسلەوەشکراوە کە شەریفە محەمەدی تەنها لەبەر ئەندامێتی لە "کۆمیتەی یارمەتیدانی ڕێکخستنی کرێکاران" سزادراوە.

 

سەندیکاکان داوایان کرد کە "پێویستە بڕیاری لەسێدارەدان دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە و شەریفە محەمەدی بەبێ مەرج ئازاد بکرێت"، ڕاشیانگەیاند ڕژێمی ئێران دۆخی شەڕ بۆ توندکردنی فشارەکان دەقۆزێتەوە و لەسێدارەدان وەک ڕێگەیەک بۆ سەرکووتکردن بەکاردەهێنێت.

 

هاوکات ژمارەیەک ڕێکخراوی کرێکاری لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕاپۆرتەرە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پشتیوانییان لە ڕاگەیەندراوەکە کرد.

 

لە کۆتاییدا داوا کرا کە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە، و هەموو پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ ئازاد بکرێن و ڕژێمی ئێران بە تەواوی سزای لەسێدارەدان کۆتایی پێبێنێت.