لە فەرمانی ٧٤ـەمەوە بەرەو دۆزو ناسنامەو دادوەری-٣
دایە گەورێ میر لە شەڕی شنگالدا کوڕ و برا و دایکی لەدەستدا، ئێستا نازانێت لە ژیاندان یان مردوون و دەڵێت: ئەگەر لە ژیاندان با بیانهێننە لای ئێمە، ئەگەر مردوون با ئێسکەکانمان پێ بدەنەوە.
”ئێوە دەڕۆن؟ دەڵێن داعش منداڵانی کچ و ژنە گەنجەکان دەبات”
جیھان زامۆ / گوڵستان عەزیز
شنگال- دوای کۆمەڵکوژیی دێرسم لە ساڵی ١٩٣٨، منداڵانی کچ بە زۆر لە خێزانەکانیان جیاکرانەوە و دران بە سەربازان، ئەو منداڵانە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیانەوە بڕدراون و تووشی گۆشەگیرییەکی بێ بەزەییانە بوون، ”منداڵانی کچی ونبووی دێرسیم” بوو بە ناوی ماتەمینییەکی بێکۆتایی، ئەوان بێسەروشوێنن... وتی: دایکم و براکەم و کوڕەکەم بە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دەستگیرکراون، تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نییە". ئەوان بێسەروشوێنن...
هەندێک جار گرنگ نییە چەند ساڵ کەوتووەتە نێوانەوە، هەندێک جار شوێنیش واتای خۆی لەدەست دەدات، لەوانەیە ئەو کەسانەی خاوەنی چیرۆکەکەن، وەکو یەکیش نەبن، بەڵام مێژوو لە ڕووی رووداوەکانەوە زۆر جار خۆی دووبارە دەکاتەوە، لە جەنگ و کۆمەڵکوژییەکاندا بە ئامانجی جیاواز منداڵ دەڕفێنرێن و ون دەکرێن.
”تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە کوڕەکەم، براکەم و دایکم نییە”

دایە گەورێ کەوتووەتە شوێن کوڕە ونبووەکەی کە لە فەرمانەکەدا کەوتووەتە دەست داعش، کوڕەکەی هێشتا ١٢ ساڵ و منداڵە، تەنها یەک داواکاریی هەیە، ئەویش گەڕانەوەی دیلەکانیانن، وتی: ١٢ ساڵە چاومان لە ڕێگایە کە ڕۆژێک مژدەی ڕزگاربوونیانما پێ بدەن، تەنها ئەو کوڕە ١٢ ساڵانەم هەبوو، براکەشم ١٤ ساڵ بوو، هەروەها دایکیشم.
داوای دیلەکان لە حکومەتی عێراق دەکات و وتی: ئەم ١٢ ساڵە ژیان لە ئێمە حەرام بووە، نە دەتوانین بخەوین، نە دەتوانین خواردن بخۆین، هەمیشە چاومان پڕە لە فرمێسک و دەگریین، برینەکانمان نوێ دەبنەوە.
”ناوی کوڕەکەم ئەمیر حەسەن خەڵەف خودیدایە”
ناوی کوڕەکەی ئەمیر حەسەن خەڵەف خودیدایە، ناوی دایکم شیرین خەڵەف حاجی، ناوی براکەشم سوفیان براهیم خەڵەفە... ڕۆژی فەرمان گیراون و لەو ڕۆژەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر نوبووە، تەنها زانیارییەکیان پێگەیشتووە کە کوڕەکەیان بردووە بۆ شاری ڕەققەی سووریا.
”ئێوە دەڕۆن؟ دەڵێن داعش منداڵانی کچ و ژنە گەنجەکان دەبات”
دایکی دایە گەورێ سەعات ٤ی سەرلەبەیانی فەرمانەکە سەردانی کرد، پێی وت کە داعش هاتووە، نازانێت داعش بۆ ئەوان هاتووە، ئەو بەیانییە کوڕ و کچەکەی ئامادە دەکات و سواری ئۆتۆمبێلی باوکی دەبێت و دەچێتە پشتی گوندەکە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە بچووکە و ئەوان زۆرن، دایە گەورێ وتی: دایکم وتی شوێن نییە، دادەبەزم، هەر ئۆتۆمبێلێک دەمبات، دەڵێن داعش منداڵانی کچ و ژنی گەنج دەبات، خۆتان ڕزگار بکەن، هیچمان لێناکەن، هەروەها بە کوڕەکەی وت خوشکەکانی بباتە شوێنێکی پارێزراو و دواتر وەرە بمبە.
”ویستمان ئەوانیش بەری ، بەڵام بیستمان کە داعش هەمووی گرتووە”
برای دایە گەورێ و کوڕەکەی لە ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزن، نایانەوێت ئەو ژنە بەتەمەنە بە تەنها بەجێبهڵێنن، هەرچەندە نەی دەویست دابەزن، وتی فەرمانە، ئەوان دەڵێن، هەموو کەس دەڕوات، ئێمەش دەڕۆین و خۆمان ڕزگار دەکەین، دوا جار لەو کاتەدا کوڕەکەی، براکەی و دایکی دەبینێت.
دوای ئەوەی دێنە گوندی سیکینی، براکەی دیسان دەخوازێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دایک، برا و خوشکەزاکەی ڕزگار بکات، بەڵام زانیاری دەگات کە داعش هەموو ئەو کەسانەی گرتوونی کە ماونەتەوە و کەسی نەهێشتووەتەوە.
”لەوانەیە ڕۆژێک بگەڕێتەوە”
دایە گەورێ هیوای خۆی هەرگیز لەدەست نەداوە، هەر کاتێک دیلەکان دەگەڕێنەوە، دەچێتە لایان و پرسیاریان دەکات، هەندێکیان دەڵێن بینومانن، هەندێکیان دەڵێن نەمانبینیوە، هیچ شتێکی ڕوون نییە، وتی: چەندین جار لە دهۆک ناسنامەیانمان دایە دەسەڵاتداران و لەبارەیانەوە پرسیارمان کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکمان وەرنەگرتووە.
هیچ داواکارییەکی ماڵ و سامانی لە دەوڵەت نییە، تەنها داوای دیلاکانی دەکات، بە نزیکبوونەوەی ڕۆژی فەرمان دیسان هەموو ئەو شتانەی ژیاوە دێتەوە یادی وتی: کاتێک ساڵڕۆژی فەرمان نزیک دەبێتەوە، بۆ ئێمە ژیان زۆر قورست دەبێت، لەبەر بیرکردنەوە بەشەو ناتوانم بخەوم، هەمیشە وێنەی کوڕەکەم دێتەوە بەرچاوم، دەڵێم لەوانەیە ڕۆژێک بگەڕێتەوە.
”هیوایەکم هەیە پێش مردنم بگەمە کوڕەکەم”
دایە گەورێوتی: ئەگەر زیندون با بگەیاننە ئێمە، ئەگەر مردوون با ئێسکەکانمان بدەنێ، هەر نەبێت لە رۆژانی جەژنەکاندا بچینە سەر گۆڕەکانیان و هەناسەیەک هەڵکێشین، با کەس لە ئێمە گازندە نەکات، ئێمە داوای هەموو دیلەکانمان دەکەین، ماڵی دایکم لەگەڵ ئێمەیە، من دەچمە حەوشەی دایکم دەگریم، ئێمە دەمانەوێت دەنگمان بگاتە هەموو کەسێک بۆ ئەوەی بزانن چەندە ئازارمان کێشاوە.
وێنەی کوڕەکەی نیشانمان دەدات، دەخوازێت وێنەی بگرین و وتی: دەنگی من دەگاتە کێ و کوڕەکەم بینیوە با زانیارییەکمان پێ بدات، هیوایەکم هەیە کە کەسێک کوڕەکەم ببینێت و پێش مردنم بگەمە کوڕەکەم، هەر کاتێک وێنەی کوڕەکەم دەبینم ناتوانم نەگریم، دەگریم، هەناسەم نایەتە دەرەوە، وێنەکانی کوڕەکەم سەیر دەکەم، هیواخوازم ئەوانەی بوونە هۆی سووتانی جەرگمان هەمان شت بژین، خودا مافی ئێمەیان لێ بەسنێت.
”بێ تۆمەت و بێ هۆکار دەستی لە دەستم دەرکێشا”
باس لەوە دەکات، کە ئێزدییەکان هەرگیز ستەمیان لە کەس نەکردووە بەڵکو خوشک، برا، دایک و باوکیان لێ بردن، وتی: دایکم، کوڕەکەم، برا١٤ ساڵانەکەم... هەموو چوون، دیسان زۆر ناسیاو و خزممان، ئەوانەی خاوەن منداڵ بوون هەموو چوون، ئێمە ئێزدی هەموو یەکین ئیتر، هیچ جیاوازییەک نییە، کاتێک وێنەی کوڕەکەم سەیر دەکەم چۆن دەتوانم بحەسێمەوە؟ بێ تۆمەت و بێ هۆکار دەستی لە دەستم دەرکێشا، تا ئێستا نازانم زیندوە یان مردووە، چۆن بحەسێمەوە؟ کاتێک ساڵڕۆژی فەرمان دەبێت، وەکو ڕۆژی فەرمان بەسەرماندا دێت، ناتوانین قسەش بکەین، شەوانە وێنەی کوڕەکەم دەخەمە ژێر سەری خۆم، دەخەوم.
لە ئابی و٠١٤دا کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال، لە منداڵانی بەر بەری دایکیانەوە تا بەتەمەنەکان بە هەزاران مرۆڤی بەدیل گرت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان هێشتا چارەنووسی ٢ هەزار و ٧٠٠ ئێزدی کە لە ناویدا ژن، منداڵ و پیاو هەن نادیارە، چەند دانەیان کوژراون، چەند دانەیان زیندون و هێشتا لە دەستی داعشدان نادیارە، فەرمان بە تەواوی لەناو نەچووە، هێشتا زۆر ماڵ چاویان لە دەرگایە و چاوەڕێن ڕۆژێک لە ڕۆژان زانیارییەک لە ونبووەکانیان وەربگرن.
بەردەوام دەبێت...