لە فەڕەنسا داوادەکرێت بۆ ئازادکردنی نێرگس محەمەدی هانگاو بنێن
زیاتر لە ٩٥٠ چالاکوانی مەدەنی، هونەری و مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا داوایان لە سەرۆک کۆماری فەرەنسا کرد کە دەستبەجێ بۆ ئازاد کردنی نێرگس محەمەدی لە زیندانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەنگاو بنێت.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە ٩٥٠ چالاکوان، نووسەر، هونەرمەند و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێرانی و فەڕەنسی، لە نامەیەکدا کە لە ڕۆژنامەی لۆمۆنددا بڵاوکراونەتەوە، داوایان لە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کردووە دەستبەجێ بۆ ئازادی نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زیندانی سیاسی لە زیندان ئێڤین هەنگاو بنێن.
واژۆکارانی ئەم نامەیە ئاماژەیان بە "دۆخی مەترسیدار"ی ئەم زیندانییە لە زیندان کردووە و نووسیویانە: دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئەنقەست ژیانی دەخەنە مەترسییەوە، لە هەمان کاتدا تووشی کێشەی تەندروستی سەخت بووە، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ، پشت، تێکچوونی چاو، بارستەیەکی گوماناوی لە مەمک و ئەگەری شێرپەنجەی ئێسک.
ئەوان گرنگی نادەن بە بارودۆخی تەندروستی زیندانیانی سیاسی ئەمەش چەوساندنەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و هەوڵێکە بۆ بێدەنگ کردنی یەکێک لە بەرزترین هاوارەکانی دادپەروەری لە ئێران.
واژۆکارانی ئەو نامەیە جەختیان لەوە کردووەتەوە، نێرگس محەمەدی ڕەگەزنامەی فەخری لە چەندین شاری فەڕەنسا وەرگرتووە و هاوسەر و منداڵەکانیشی هاووڵاتی فەرەنسین، داوایان لە سەرۆک کۆماری فەرەنسا کردووە “هەوڵبدات کۆتایی بە مامەڵەی خراپ لەگەڵ هەموو زیندانیانی سیاسی لە ئێران بهێنێت، مافی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانیدا بێت، دانوستان لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی مومکین و پێویست بۆ ئازادکردنی نێرگس محەمەدی و ڕزگارکردنی گیانی ناوبراو".
نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئێڤین، لەم زیندانەدا سزای ١٣ ساڵ و ٩ مانگ بەسەر دەبات و پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر کراوە.
گرنگی نەدانی بەرپرسان و بەرپرسانی زیندان بەرامبەر بە بارودۆخی تەندروستی زیندانیان بە زیندانیانی سیاسیشەوە لە ئێران هەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو زیندانیانە مافی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستییان هەیە کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی زیندانیان.