لە دژی کارە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی خەبات کرا

ئەندامانی کۆنگرەی ستار لە فافین-ی سەر بە شەهبا تیشکیان خستە سەر چالاکییەکانی دژی ژنان لە عەفرینی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و داوای خەباتیان لە دژی ئەو کارانە کرد.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان بە تایبەت لە عەفرین بەردەوامە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەیجی عەفرین نیوز ٢٤، کە بەڵگەنامەی کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین دەکات، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤تا مانگی ئایاری ئەمساڵ، ١٣٠ کەس ڕفێندراون، کە ٧ ژن و منداڵیان تێدایە، 6 کەسیش کوژراون، لەو ژمارەیە 2 ژن و 2 منداڵ کوژراون و لەلایەن باندەکانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 

ئەندامانی کۆنگرەی ستار لە فافینی سەر بە شەهبا سەرنجیان بۆ کارە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرینی داگیرکراو ڕاکێشا و داوای خەباتیان کرد دژی ئەو کارانە کرد.

 

"ژیان لە عەفرین گەڕاوەتەوە دۆزەخ"

 سۆزان ئۆسۆ ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی هێرشە داگیرکەرییەکانەوە ناچاربوون لە شارەکەیان کۆچ بکەن و وتی: لە شوێنی خۆمان ئاوارە بووین، ماوەی ٧ ساڵە لە ناوچەکانی کۆچبەرین و بەرگەی هەموو بارودۆخی ژیان دەگرین تەنها بۆ پاراستنی خۆمان و منداڵان لە کردارەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، بەردەوامین لە بەرخۆدانمان لە شەهبا، دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا عەفرینی داگیر کرد، ژیان گەڕاوەتەوە بۆ دۆزەخ و خەڵک بەرگەی ئاستی ژیانی عەفرین ناگرن.

 

سۆزان ئۆسۆ وتیشی: ڕۆژ بە ڕۆژ کردارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی سەختتر دەبن، بەتایبەت ژنان دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، ڕۆژانە ژنان ڕووبەڕووی کوشتن، ئەشکەنجەدان، ڕفاندن، دەستدرێژی دەبنەوە، لە عەفرینی داگیرکراودا ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەهۆی کردارەکانی داگیرکارییەوە زۆرێک لە منداڵان لە مافەکانیان زەوت دەکرێن و ناتوانن لە تەمەنی منداڵی خۆیان بژین، لە عەفرین مافی منداڵان پێشێل دەکرێت، زۆرێک لە منداڵان لە مافی خوێندن بێبەش دەبن، چونکە لە ترسی دوژمن ناتوانن لە ماڵەکانیان دەربچن.

 

"دەبێت بێدەنگ نەبین"

 سۆزان ئۆسۆ تیشکی خستەسەر ڕووداوەکانی دەستدرێژیکردن کە لە عەفرین ڕوو لە زیادبوون دەکەن، جەختیشی لەوە کردەوە، نابێت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگ بن لە بەرامبەر ئەو کارانە و وتی: دوایین ڕووداوی عەفرین نە یەکەم ڕووداوە و نە دوا ڕووداوە کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵێکی کچ لەلایەن چەتەکانەوە، داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و منداڵان، دەستوەردان لە خاکە داگیرکراوەکاندا بکەن و ئەم ڕووداوانە ڕابگرن کە مافەکانی ژنان لەناودەبەن و لەدەست دەدەن.

 

"دەیانەوێت ئیرادەی ژنان لەناوببەن"

 شێرین ئەحمەد وتی: لە ناوچە داگیرکراوەکان و لە عەفرین بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ڕۆژانە کرداری دژە مرۆیی ئەنجام دەدەن.، ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو کارە پیسانەوە، بە بەئامانجگرتنی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان و ئەنجامدانی چالاکی دژی ژنان، دەیانەوێت ئیرادە و بوونی ژنانی عەفرینی لەناو ببەن، چونکە ژن خاوەنی فەلسەفە و مێژووە.

 

بانگەواز بۆ چالاکی: ڕاپەرن

شیرین ئەحمەد داوی خەباتی کرد دژی ئەو کارانەی لە عەفرینی داگیرکراو ئەنجامدراون و وتی: هیوادارین ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بچنە ناو ناوچەکە و ڕاستییەکانی داگیرکاری و چەتەکانی بە جیهان بڵێن، ژیانی خەڵک لە عەفرین لەژێر هەڕەشەدایە، ئێمەی ژنانی عەفرین لە شەهبا بانگەوازی خۆمان بۆ هەموو جیهانەکان دەنێرین کە بە ئەرکی خۆیان هەستن و ئاگاداری خەڵک و ژنانی عەفرین بن، پشتگیری خۆمان بۆ ئەو ژنانەی عەفرین نیشان دەدەین کە دژی داگیرکاری و سیاسەتی قڕکردن دەوەستنەوە.