لە دوای ئاگربەستەوە ٣٥١ منداڵ لە غەززە کوژراون
دوای ئەوەی سەرەڕای ئاگربەستەکە ٣٥١ منداڵ کوژران، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" داوای میکانیزمی یەکلاکەرەوە و لێپرسینەوەی توندی بۆ پاراستنی منداڵان لە غەززەی پایتەختی فەلەستین کرد.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، منداڵانی فەلەستینی ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبنەوە بۆ سەر ژیان و پارێزراوییان، ئەمە جگە لە زیانی جەستەیی و دەروونی کە ڕەنگە کاریگەری درێژخایەنی هەبێت.
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان"یونیسێف" ڕایگەیاند، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تا ئێستا ٣٥١ منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون و داوای لە ئیسرائیل کرد ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی منداڵان و ڕێگریکردن لە زیانی زیاتری گیانی.
بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی منداڵان پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی هەیە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، هاوکات دەستەبەرکردنی لێپرسینەوەی ڕوون لە حاڵەتەکانی کوژراو یان برینداربوونی منداڵان، کە لە ئەنجامدا کەمئەندامی هەمیشەیی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش ڕۆژی ڕابردوودا هەشت منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ی دیکەش برینداربوون، ئەمەش پێشهاتێکە کە ڕەنگدانەوەی ئەو مەترسییە بەردەوامانەیە کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە.
جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ڕێوشوێنی کاریگەر بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر و ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکاری لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئەو پارێزگارییە تایبەتەی کە بە منداڵان دەدرێت بە پێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی ئەو منداڵانەی لە هێرشەکان ڕزگاریان دەبێت، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە لە گەشتەکەیاندا بۆ چاکبوونەوەی جەستەیی و دەروونی، بەهۆی داڕمانی سیستمی تەندروستی لە غەززە و کەمبوونەوەی توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان.
هەروەها جەخت لەسەر پێویستی دابینکردنی پاراستنی کاریگەر بۆ منداڵانی کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانیان بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پزیشکی و دەروونی کرایەوە.