لە دێرەزوور ژنان بە پڕۆژەی نوێ بەهێزتر دەبن
ژنانی دێرەزوور لەگەڵ کۆمیتەی ئابووری پڕۆژەی نوێ دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن ژنان بەهێزتر بکەن و دەرفەتی زیاتریان لە کایەی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت.
زەینەب خەلیف
دێرەزوور- ژنانی کانتۆنی دەێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە خەباتدان بۆ ئەوەی بە بونیادنانی سیستمی تایبەت بە خۆیان بەشداری لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بکەن، کۆمیتەی ئابووری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بەردەوامە لە کارەکانی بۆ بەهێزکردنی ژنان و ڕەخساندنی هەلی کار و پەرەپێدانی ئابووری کۆمەڵایەتی ژنان.
هەروەها یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمیتەکە هەنا سەعید ڕایگەیاند، لە کاتی ئامادەکردنی پڕۆژەکەدا، پێداویستی و بۆچوونی ژنانیان لەبەرچاو گرتووە و بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕێکوپێک لەگەڵ پێکهاتەکانی ژنان گوزارشتیان لێکردووە.
پڕۆژەی ژنان
لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، کۆمیتەی ئابووری ژنان لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا دامەزرا، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمیتەکە بەناوی هەنا سەعید ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ژنان و بەهێزکردنیان لە بواری ئابووریدا و وتی: دوو فرۆشگای جلوبەرگ بۆ ژنان کرایەوە و لەگەڵ ئەو پڕۆژانەش هەلی کار بۆ دوو ژنڕەخسێندرا، هەروەها لە شاری ئەلکەسرە نانەواخانەیەک بە ٥ ژن کرایەوە، پڕۆژەی باخچەی بە ئامانجی چاندنی ٣٠٠ نەمام دەستپێکرد، ئامانج لەم پڕۆژەیە بەهێزکردنی ژنانە. هەروەها کارگەیەک لەلایەن ژنانەوە کرایەوە، ئەم پڕۆژانە توانای کۆمیتەکەی زیاد کرد بۆ کردنەوەی پڕۆژەی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئامانجی کۆمیتەکە چاندنی گەنمە لە ڕووبەری ١٢٠ دۆنم و ئامانجیان زیادکردنی ئاسایشی خۆراک و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێیە بۆ ژنان بەم پڕۆژەیە، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەم پڕۆژانە، ئەو وۆرکشۆپەش کرایەوە کە ڕاهێنانی بەرگدرووی بۆ ژنان دابین دەکات، ئەمە یارمەتی ژنان دەدات کە پیشەیەکیان هەبێت و هەلی کاری نوێیان هەبێت.
"کۆمیتەکە هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت"
هەنا سەعید ئاماژەی بەوەدا کە پێویستی و تێڕوانینی ژنان لە هەڵبژاردنی پڕۆژەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و لە ڕێگەی کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی ژنان، بۆچوون و پێشنیارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی وەردەگیرێن وتیشی: هەرچەندە پشتیوانی و دەرفەتەکان سنووردار بوون، بەڵام کۆمیتەکە سەرکەوتوو بوو لە دابینکردنی هەلی کار بۆ ژنان، دەستکەوتەکانی کۆمیتەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر ئەو پڕۆژانەی کە بۆ بەهێزکردنی ژنان و فراوانکردنیان جێبەجێ دەکرێن، ئایندە بۆ ژنانی دێرەزوور مسۆگەر دەکەن.
ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری باشتر بۆ هەمووان
هەنا سەعید وتیشی: کۆمیتەکە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی، بۆ گەیشتن بە ژنانی زیاتر و وەرگرتنی بۆچوونی ژنان، بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی بڕیاردان، ئەو پڕۆژەیە نەک تەنها ژنان بەهێز دەکات، بەڵکو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری باشتر بۆ هەموو لایەک دروست دەکات، تا کارەکانمان بەردەوام بێت، پێمان وایە هەلی کار لە دێرەزوور بۆ هەموو ژنێک بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونەکانی دەڕەخسێت.