لە دەریای سپی، کەشتییەکی پەنابەران نقوم بوو

بەلایەنی کەمەوە ٩ کەس بەهۆی نقوم بوونی کەشتییەکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ماڵتا گیانیان لەدەستداوە و گەڕان بەدوای ١٥ کەسی ونبوو بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەپۆلی کۆچ و ڕووداوەکانی بەلەم لە دەریای سپی ناوەڕاست بەردەوامن، کە یەکێکە لە باوترین ڕێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی لە ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا. 

 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ANSAی ئیتاڵی، تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی ئیتاڵیا چوون بەدەم رووداوی نقوم بوونی کەشتییەک و پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ٢٣ کەسیان ڕزگارکرد و تەرمی ٩ کەسیان لە کەشتییەکەدا دەرهێناوە کە منداڵێکیان تیادایە.

 

بە درێژایی شەو، کەشتییەکان بەدوای کەسانی ونبوودا دەگەڕان. بەگوێرەی لێدوانەکانی ڕزگاربووەکان، ١٥ کەس، لەناویاندا سێ منداڵ بێسەروشوێنن، ٤٦ پەنابەر لە گینیا، بورکینا فاسۆ، مالی و کەناری فیلەکان کاتژمێر ٢٠:٠٠ لە دەوروبەری سەفەکس لە تونس کەوتوونەتە ڕێ، ئەو کەشتییە بچووکەی کە بەکارهێندرا بۆ پەڕینەوە بەهۆی زریانی دەریاوە ژێرئاوکەوتووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM" سەبارەت بە کۆچبەرە نایاساییە ونبووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٨ی نیسان، ٣٨٥ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا بێسەروشوێن بوون.