لە چوارتای سلێمانی ئۆتۆمبێلێک بە فڕٶکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج

کەمێک پێش ئێستا، دەوڵەتی تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە سنووری شارۆچکەی چوارتا کردو زیانی گیانی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ی ئاب ، دەوڵەتی تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە سنووری شارۆچکەی چوارتا کردو زیانی گیانی هەیە، بەمەش بۆ دووەم ڕۆژە لەسەر یەک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێل لە سنووری سلێمانی دەکاتە ئامانج.

 

دوێنێ ٤ی ئاب لە کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەسەر ڕێگای نێوان دوکان - کانی وەتمان و لە نزیک شارەدێی خەلەکان، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەری کرد، سێ کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا کە باوکێک و دوو کوڕی بوون و دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوای سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بوون.

 

ئەمە لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج و هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکریش بریندار بوو، هەروەها لە ٣ی ئەیلوولیشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی مێرگە حەوشی لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان کرد، بە هۆیەوە شوانکارێک بەناوی ” بەدیع کەمال محەمەد” لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ گیانی بەختکرد.