"لە بەرخۆدانی پەخشان عەزیزیدا شوێنپێی شیرین عەلەمهولی هەیە"

ڕۆژنامەنووس ڕۆهیۆ بوتان کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی لە ئێران و وتی: کاتێک نامەکەی پەخشان عەزیزی دەخوێنیتەوە، هەنگاوە بێ چەواشەکارییەکانی شیرین عەلەمهولی لەدژی ڕژێمی ئێران دەبینیت.

 

هەورین جەنگاوەر

 

ناوەندی هەواڵ- لە ئێران دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەممەدی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" وریشە مورادی، نەسیم غوڵامی سیمیاری و چەندین ژنی دیکە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە

 

ڕۆژنامەنووس ڕۆهیۆ بوتان، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەر ژنانی چالاکوانانی شەرمەزار کرد، وتی: لە هەموو شوێنێک هێرش دەکرێتە سەر ژنانی ئازادی و تێکۆشەرانی ئازادی، بەو پێیەی ئازادی دژی پاوانخوازییە و بەدیلێکە بۆ ژیانێکی نوێ، سیستم و ئیدارە تاکڕەوەکان تادێت هێرش دەکەنە سەر ژنان، چونکە لەم بیرە دەترسن.

 

"پێویستە نامەکەی پەخشان عەزیزی ببێتە نموونە"

 ڕۆهیۆ بوتان، تیشکی خستەسەر گەل بۆ بەرخۆدانی ژنانی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین و وتی: هێز و مۆڕاڵ بە کۆمەڵگە دەبەخشن، ژنان بەهێزن و تەنانەت لە زیندانەکانیشدا خواستی خۆیان دەردەبڕن و بەرگری لە مافەکانیان دەکەن، نامەکەی پەخشان عەزیزی بەڕێز پێویستە ببێتە نموونە، سەرەڕای ئەو ئەشکەنجەی کە بەرامبەری کراوە، هەڵوێستێکی سەربەرزانە نیشان دەدات،  نامەکەی دەخوێنینەوە، شوێنپێی شیرین عەلەمهولی دەبینین کە لە ڕژێمی ئێران یاخی بوو، لەسێدا نەترسا و لەسەر ڕێگای ڕاستی ڕۆیشت، ژنانی زیندانی ئەڤین بە خۆشەویستی ئازادی بەردەوامن لە بەرخۆدان دژی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک، وا دیارە بەم خۆشەویستییە بۆ ئازادی زیاتر بەرخۆدان دەکەن و هەرگیز سەر دانانەوینین.

 

"ئەرکی ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس قورستر دەبێت"

 ڕۆهیۆ بوتان هەروەها باسی لە نامەکەی وریشە مورادی کردووە و وتی: لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەی کە کرایەوە، بەشداری دانیشتنەکەی نەکرد، کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، بەم هەڵوێستە ڕادیکاڵە یەکگرتوویی ژنانی نیشان دا، ئیرادەی ئەو ژنانەی کە دژی ئەشکەنجەی زیندانی ئەڤین دەوەستنەوە، بە دڵنیاییەوە ئازادی و بوێری خۆیان نیشان دەدات، لەم دۆخەدا ئەرکی ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس قورستر دەبێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژنان لەسێدارە نەدرێن، دەبێت لەگەڵ سەندیکاکەمان، لەگەڵ کارەکانمان، دەنگی ئەم ژنانە بین.

 

"پێویستە ڕۆژنامەنووس دەنگی ڕاستی بێت"

ڕۆهیۆ بوتان ئاماژەی بەوەدا که فشارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان له دژی ژنان، دژی هەموو چین و توێژه کانی کۆمەڵگەیە و له کۆتاییدا وتی: ڕۆژێک پێش ئێستا له هەواڵەکانەوە زانیمان که 33 کەس له سێداره دراون, وەک ڕۆژنامەنووسی ئازاد نابێت ئەو بڕیارە ناڕەوا و ناڕەوشتییانە قبوڵ بکەین کە لە دژی ژنی ڕۆژنامەنووس دەدرێن، لە لایەکی ترەوە بەهۆی ڕۆژنامەگەرییەوە ڕووبەڕووی هێرشی زۆر دەبینەوە، لە باکووری کوردستان نزیکەی هەموو ڕۆژێک ڕۆژنامەنووسان دەستبەسەر دەکرێن و لە باشووری کوردستانیش دەکوژرێن، ماوەی ٦ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد، ئەندامی یەکێتی ڕۆژنامەوانی ئازاد  "YRA"، هەواڵسازی ڕۆژنیوز، بەدەست نەهاتووە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان، هەر بۆیە پێویستە ئێمەی ڕۆژنامەنووس بێدەنگ نەبین و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەین، دەنگی ڕاستییەکان بین.