لە بناری قەندیل یادی ٣٤ ساڵەی شەهیدبوونی بێریتان بەرز ڕاگیرا

ئەنجومەنی هەرێمی ناودەشت بە بۆنەی ٣٤مین ساڵیادی شەهیدبوونی بێریتان (گوڵناز کاراتاش)، لە گوندی بۆکریسکان مەراسیمی یادکردنەوەی بەڕێوەبرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی بەرخۆدانی ژنان بۆ ئازادی کردەوە.

ناوەندی هەواڵ 

 

 ئەنجومەنی هەرێمی ناودەشت لە گوندی بۆکریسکان، بە بۆنەی ٣٤مین ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد شەهید بێریتان (گوڵناز کاراتاش)، مەراسیمێکی یادکردنەوەی بەڕێوەبرد. لە مەراسیمەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز دژی داگیرکاری و خیانەت کرایەوە.
​
​مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد. دواتر ئەلەند محەمەد، وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا تیشکی خستە سەر ژیان، خەبات و فیداکاریی شەهید بێریتان و ئاماژەی بەوە دا کە داستانی بەرخۆدانی شەهید بێریتان بووەتە سەرمەشقی ئازادیی ژنان و مێژوویەکی نوێی قارەمانێتیی لە بەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و هێڵ و پیلانی خیانەتی ناوخۆیی نووسییەوە.


​شەهید بێریتان (گوڵناز کاراتاش)، کە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی خەڵکی دەرسیم لە ساڵی ١٩٧٠ لەدایکبووبوو، لەژێر کاریگەریی زوڵمی دەوڵەتی تورک و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا گەورە بوو. لە ساڵی ١٩٩١دا ڕووی کردە چیا ئازادەکانی کوردستان و بووە یەکێک لە سیمبولە درەوشاوەکانی تێکۆشانی ژنان.


​ڕادەستبوونی قبووڵ نەکرد و بووە سیمبولی سوپابوونی ژنان
​لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا، لە کاتی هێرشی هاوبەشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزەکانی پەدەکە لە ناوچەی خواکورک، شەهید بێریتان تا دوا فیشەک بەرخۆدانی کرد. کاتێک گەمارۆ درا و بۆ ئەوەی چەکەکەی و جەستەی نەکەوێتە دەستی دوژمن و هێڵی خیانەت، چەکەکەی شکاند و خۆی لە لووتکەی چیای لێلکانەوە خستە خوارەوە و شەهید بوو.


​ئەم بەرخۆدانە مێژووییەی شەهید بێریتان ڕێگای لەسەرپێوەبوونی سوپابوونی ژنانی کورد خۆشکرد و تا ئەمڕۆش وەک مەشخەڵی ئازادی لە شۆڕشی ژناندا دەدرەوشێتەوە.


​لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، سینەفزیۆنێک کە دیمەنەکانی ژیان، خەبات و بەرخۆدانی شەهید بێریتانی لەخۆدەگرت ئامادەبووان ئاشنا کراو مەراسیمەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی ئازادی کۆتایی پێهات....