لە بالیسان ژنێک لە شاخ هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا
لە گوندی شیرەی سەر بە شارەدێی بالیسان لە سنووری شەقڵاوە، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بەهۆی هەڵدێرانی لە شاخێک گیانی لەدەستدا و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری ڕووداوەکە دەستپێکرد
ناوەندی هەواڵ
بالیسان - شەوی ڕابردوو لە گوندی شیرەی سەر بە شارەدێی بالیسان لە سنوری شارۆچکەی شەقڵاوە، ژنێک لە شاخ هەڵدێراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی بالیسان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژنێک بەهۆی هەڵدێرانەوە، زانیارییەکانی ڕاگەیاند و وتی: ژنێکی گەنج بە ناوی «خەڵات ڕەحمان»، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی شیرەیەی سەر بە شارەدێی بالیسان، لە شاخ هەڵدێراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوەکە، تاوەکو گەیشتوونەتە شوێنی دیاریکراو، ژنەکە بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدابوو، و بەپێی وتەی کەسوکاری قوربانییەکە، خەڵات باری دەروونی ناجێگیر بووە و شەوی ڕابردوو کاتژمێر١٠ـی شەو بە شێوەیەکی لەناکاو ون بووە و دوای گەڕانێکی زۆر لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، کاتژمێر دووی نیوەشەو تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
بە وتەى کەسوکارەکەی ئەو ژنە لە بەرزاییەکانی شاخی نزیک ماڵیانەوە کەوتووەتەوە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە، بەڵام لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕووداوەکە دەستی پێکردووە تا بزانن هۆکاری ڕاستەقینەی هەڵدێرانی ئەم ژنە چی بووە.
ئەگەرچی کەسوکارەکەی دەڵێن باری دەروونی تەواو نەبووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە تاکو هۆکاری ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانەکە بزانن.