لە ڕانیە ژنێک بە گوماناوی و بە فیشەک کوژرا

لە ڕووداوێکدا لە سنووری ڕانیە، ژنێک لەلایەن ئامۆزایەکی خۆیەوە بو گوماناوی کوژراو پۆلیسی ڕاپەڕینیش دەڵێت: لە شەڕو دەمەقاڵێی دوو برادا ژنەکە کوژراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ١٥ی تەمووز، لە سنووری شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین ژنێک لەلایەن ئامۆزاکەیەوە بە گوماناوی کوژراوە، بەپێی زانیارییەکان پیاوەکە بە چەکی جۆری (تاپڕ) تەقەی لە ئامۆزاکەی کردووەو بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

 

بەپێی وتەکانی پۆلیسی ڕاپەرین، بە وتەی کەسوکاری، ڕووداوەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە هاوژینی ژنەکە لەگەڵ برایەکی خۆی شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا ڕوویداوە، یەکێک لە براکان بەچەکی تاپڕ تەقەی لە براکەی خۆی کردووە لە ئەنجامدا هاوژینی براکەی بەر کەوتووە و بەوهۆیەوەگیانی لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، فەرمانی دەستگیرکردن بە پێی مادەی (٤٠٦ ل ی س ع) بۆ تۆمەتبار دەرچووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.