لە ٦ مانگدا پێشێلکاری بەرامبەر ١٤٥ ڕۆژنامەنووس کراوەو زۆرترینی لە هەولێر بووە
ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ئاماری پێشێلکارییەکانی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا پێشلکاری بەرامبەر ١٤٥ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٥ی حوزەیران، ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی داکۆکیکارە لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان لەهەرێمی کوردستان، ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، تا دێت پێشێلکارییەکان لە هەرێم ڕوو لە زیادبوونن، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا ٧٨ حاڵەت تۆمار کراون، کە بەرامبەر ١٤٥ ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژانه لە هەرێمی کوردستان، پێشێلکاریی زەق و ئاشکرا بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، لەوانە ڕێگانەدان بە ڕووماڵ و دەستبەسەر داگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و چاوسوورکردنەوە لێیان، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە لەسەر ژیان و کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان.
ئامارەکانی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بەم شێوەیەیە:
٧٨ حاڵەتی پێشێلکاریی تۆمارکراوە، کە بەرامبەر ١٤٥ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون و دوو حاڵەتیان دەستگیرکردن بوون.
ڕێگانەدان بە ڕووماڵکردن، ٥٩ حاڵەت ھەبووە.
ھێرش و دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، ١٩ حاڵەت بووە.
پێشێلکارییەکان بەپێی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، پارێزگای هەولێر بە ٤٦ حاڵەتی پێشێلکاریی لە پلەی یەکەمدایە پاشان دهۆک، کە ٢١ حاڵەت هەبووە، لە سلێمانیش ١١ حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە و لە پارێزگای هەڵەبجەش هیچ حاڵەتێکی پێشێلکاری نەبووە.