لە ٦ مانگدا ١٠ ژن لە ئێران لەسێدارە دراون

لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، سزای سێدارەی ٢٦٦ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا ئەنجامدراوە، کە زۆربەیان کوردن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئاژانسە ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی٢٠٢٤دا، ٢٦٦ بەندکراو سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و لە سێدارە دراون، زۆربەیان لە نەتەوەی کوردن و منداڵێک و ١٠ ژنیش لەناویاندا هەن.

 

ئامارەکان دەریدەخەن لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا، ٧٢ بەندکراوی کورد، ٤٢ بەندکراوی تورک، ٣٢ بەندکراوی بەلووچ، ٢٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان و ١٠ ژن و یەک منداڵ لە بەندیخانەکانی ڕژێمی ئێراندا لەسێدارە دراون، بەپشتبەستن ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە سەرجەم ئەو ٢٦٦ بەندکراوەی کە لەسێدارە دراون، تەنیا ٢١ حاڵەت واتا ٨٪ـی کۆی حاڵەتەکان لە میدیا حکومییەکان و میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بەشێوەی فەرمی بڵاو کراونەتەوە و ٩٢٪ـی حاڵەتەکان بڵاو نەکراونەتەوە.

 

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سزای سێدارەی ١٠ زیندایکراو کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژێمی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، مەزهەبی و هەروەها تۆمەتی وەک سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی ڕژێمدا ئەنجامدراوە.

 

بەندکراوەکان و ڕێژەی لە سێدارەدانیان بەم شێووەیە بووە:

لە سەرجەم بەندکراوانی لەسێدارەدراو ٤٤ بەندکراو فارس بوون، بەندکراوانی کورد ٧٢حاڵەت واتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان، ٤٢حاڵەتی بەندکراوی تورک واتە ١٦٪ی کۆی حاڵەتەکان، ٣٢ حاڵەتی بەندکراوی بەلووچی واتە ١٢٪ی کۆی حاڵەتەکان، ٢٤ حاڵەتی بەندکراوانی بیانیواتە ٩٪ی کۆی حاڵەتەکان، بەندکراوانی لوڕ و لوڕی بەختیاری ١٢حاڵەت واتە ٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان، بەندکراوانی گیلەک٥حاڵەت، بەندکراوانی عەرەب ٣حاڵەت، بەندکراوانی تورکمان ٢حاڵەت، بەندکراوانی کەمینەی هەزارە ٢حاڵەت، بەندکراوانی سەر بە نەتەوەی نادیار ٢٨حاڵەت.

 

چەندین کەس بە تۆمەتی جیاواز لە سێدارەدراون

 

١٠ ژن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٤ کەس چالاکی ئایینی، یەک کەس سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و یەک کەسیش بەهۆی بەشداریکردن لە شۆڕشی "ژن-ژیان ئازادیی"دا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و لە سێدارەدراون.

 

هاوکات لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا منداڵێک بەناوی ڕامین سەعادەت خەڵکی میاندواو، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.