بە بیانووی ڕەچاونەکردنی یاساکان داخستنی شوێنە گشتییەکان بەردەوامە

"جاز کافێ" لە تاران بە بیانووی ڕەچاونەکردنی یاسا ئیسلامییەکان داخرا، هەروەها باخچەیەک لە دەوروبەری قەزوین مۆرکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی مۆرکردنی شوێن و سەندیکا جۆراوجۆرەکان بە بیانووی دژایەتیکردنی یاساکان و حیجابی زۆرەملێ، کافێیەک لە تاران داخرا و باخچەیەکی پێشوازی لە دەوروبەری شاری قەزوینیش مۆر کرا.

 

ڕۆژی شەممە، "جاز کافێ" کە یەکێک لە کافێ بەناوبانگەکانی تاران، بە بیانووی "ڕەچاونەکردنی داب و نەریتی ئیسلامی" مۆر کرا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاند کە شوێنەکەیان بە بیانووی "پابەندنەبوون بە داب و نەریتی ئیسلامی" داخراوە.

 

لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتی ژنان و پێشێلکردنی یاسای "حیجابی زۆرەملێ" بەمەبەستی ناچارکردنی ژنان بۆ پابەندبوون بەم یاسایە، کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران پەنایان بردە بەر مۆرکردن و داخستنی شوێنە گشتییە جۆراوجۆرەکان، هەموو ڕۆژێک هەواڵی مۆرکردنی شوێنە گشتییەکان لە شارە جیاجیاکاندا بڵاودەبێتەوە.

 

دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران بە سوود وەرگرتن لەم شێوازە هەوڵ دەدەن ئەو یەکانە ناچار بکەن کە ڕێگا بە چوونە ژوورەوە و دانیشتنی ژنان بە بێ حیجابی زۆرەملێ نەدەن.

 

باخچەیەک لە قەزوین مۆرکرا

 باخچەیەکی پێشوازی لە دەوروبەری قەزوین بەهۆی ئەنجامدانی مەراسیمێکی تێکەڵاوی ژن و پیاوەوە مۆرکرا.

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، پەیوەندییەکانی داواکاری گشتی و شۆڕشی پارێزگای قەزوێن لە ئاگادارییەکدا سەبارەت بە مۆرکردنی ئەم باخچەی پێشوازییە نووسیویانە: فەرمانێک لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچوو و بەهۆی ئەنجامدانی مەراسیمێک کە ژن و پیاو تیایدا تێکەڵبوون و پێشێلکاری یاساکانی تێدابوو، ئاسایش و ئارامی دڵی خەڵک و پاراستنی سنوورە ئایینی و یاساییەکان دەبێت لەلایەن هەموو سەندیکا و تاکەکانەوە ڕەچاو بکرێت و ڕێزیان لێ بگیرێت و لە ئەگەری سەرپێچیکردنی ڕێساکان و شەریعەتی پیرۆزدا، بە توندی مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکرێت."

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی ئارەزوومەندانەی هاووڵاتیان و مامەڵەکرد بە پێچەوانەی یاسا توندەکانی ڕژێمی ئێران، زیاتر لە دوو قاوەخانە، ئارایشتگا، یانە و شوێنی جۆراوجۆر خراونەتە بەردەم دادگا.