لە ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؛ ژنان بە ٥۳ ماسک ڕوبەڕووی توندوتیژییەکان وەستان
لە هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان، بە خستنەڕووی ئاماری نافەرمی کوشتنەکانی ژنان کە لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا ٥۳ ژن کوژران، ژنان بە ٥۳ ماسکەوە چالاکییەکان ئەنجامدا.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە پارکی نالی شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، لەلایەن تۆڕی هەشتی مارس، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چالاکوانانی ژن بە وەستان و هەڵگرتنی دروشم و بەستنی ٥۳ ماسک بە دەمووچاویانەوە، کە ئاماژەبوو بۆ ئاماری تۆڕی ٨ی مارس کە کۆیکردۆتەوەو لە ماوەی ۱۱ مانگ کە ٥۳ ژن کوژراون، کە بەستنی ماسکەکان ئاماژەبوون بۆ زۆربوونی کوشتنەکان، چالاکییەک بەڕێوەچوو.
شنە عەلی خەیات، چالاکوانی مافەکانی ژنان، وتی: لە هەرێمی کوردستان پلەدووی ژن کێشەی دروستکردووە، گرنگی نەدان بە پرسەکانی ژنان و نەبوونی موچەو هەلی کار ، توندوتیژی دژ بە ژنان یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت کوشرنی ژنان کە یەکێکە لە قورسترین شێوازەکانی توندوتیژی، بەپێی لێکۆڵینەوەی ژنانی نەتەوە یەکگرتوەکان خەمڵاندنی نوێیە جیهانی و نوێترین لێکۆڵینەوەی هەرێمیەکان بەردەست دەخات لە سەر کچان و ژنان کە لە لایەن هاوسەر یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیانەوە کوژراون، لە نوێترین داتاکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ٥٠هەزار ژن کوژراون، نزیکەی ٦٠ لە سەدی هەموو ئەو کوشتنانە بە مەبەستبوون.
هەروها ئاماژەی بەوەشدا لە ئەفریقا بەرزترین ڕێژەی توندوتیژی دژی ژن و کوشتنی تێدا تۆمارکراوە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ژمارەی ژنان لەو وڵاتەدا.
ئەوەشیخستەڕوو، لە کاتێکدا ئامارەکان لە ئێستادا تەنها دەتوانرێت لە ناوچەکانی ئەمریکاو ئەوروپا بە دەواداچوونیان بۆ بکرێت بە هۆی کەلێنی داتا لە شوێنەکانی تر. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە توندوتیژییە ئەلیکترۆنیەکانی وەک هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی، کۆنیرۆڵکردنی زۆرداری و خراپ بەکارهێنانی وێنە، دەکرێت ببێتە هۆکارێکی مەترسی ڕاستەقینە لە سەر ژیانی ژنان، هەربۆیە ڕاپۆتەکە داوای ڕێگریکردنێکی بە پەلە و هاوکاری دەکات لەوانە چوارچێوەیەکی یاسای بەهێز، وەڵامدانەوەی دادپەروەری تایبەت منەند، هەڵسەنگاندنی مەیرسی بە چەند دامەزراوەیەک، خزمەت گوزاریەکانی سەنتەری قوربانی و سنوردارکردنی چەکی ئاگرین و کەمپە گشتیەکان کە دژ بە نەریتە زیان بەخشەکان دەوەستنەوە.
هاوکات هەر لە چوارچێوەی چالاکیەکەدا تۆڕی هەشتی مارسیش بەم شێوەیە یاداشتی خۆیان خستە ڕوو.
سمکۆ ڕەشید ، ئەندمی تۆڕی هەشتی مارس، وتی: وەک کاری بەرەوامیمان دەسەڵات بە ئاگا دێنینەوە لەو پێشێلکاریەی بەرامبەرمان دەکرێت لە هەوڵی ئاڕاستەکراو و کۆنەخوازی کە ڕێکخراوەکان و داکۆکی کاران ڕووبەڕووی دەبنەوە لە ڕێگری کردن لە چالاکی دانانی چەندین ڕێوشوێنی ناڕەوا نایاسای، ئەمە لەکاتێکدایە مایک ئازادکراوە هەندێک بۆ پیاوانی ئاینی بۆ سوکایەتی کردن بە ژنان و خەڵکی ئازادی خواز .
بۆیە وەک تۆڕی هەشتی مارس لە ٢٥ نۆڤەمبەردا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو
١- هەموومان هەمەهەنگ و هاوخەباتین لە گەڵ ڕێکخراو داکۆکی کارانی عێراق و هاوپەیمانی ١٨٨ بۆ هەڵوەشاندنەوەی مدەوەنەی جەعفەری.
٢- وەک هەمیشە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسی یەکەم دادەنێین لە پاراستنی ژنان.
٣- چیتر وەزارەتی ناوخۆ ئامارەکانی توندوتیژی بە شاراوەی نەهێڵێتەوە و بۆڕای گشتی بخاتە ڕوو.
٤- دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرپرسن لە بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ ژنان و نە بوونی چاودێری لەسەر کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان لە بەرامبەر کاری ژنان بە کاتێکی زۆر و بڕەپارەیەکی کەم بەناوی موچەوە.
٥-خراپی باردۆخی ماڵەکانی داڵدەدانی ژنان نەبوونی پێگەی بەهێزی لە ناوکۆمەڵگەدا وایکردووە ژنان سڵبکەنەوە لە چونیان بۆ ماڵێکی پارێزراو لەکاتی ڕوبەڕووبونەوەیان بە توندوتیژی.
٦- گرنگی نەدان بە پرسی ژن کوشتن لە لایەن دەسەڵاتفارانی هەرێمی کوردستان ودەربازبوونی تاوانباران و سزا نەدانیان هۆکاری سەرەکی ڕێژەی بەرزبوونەوەی توندو تیژیە.
نیاز محەمەد کەرەم، لێپرسراوی ناوەندی یەکێتی ژنانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا لە ڕێگەی چالاکوانانەوە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر توندوتیژییەکان دەدرێت، وتی: تۆڕی هەشتی مارس ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەم چالاکیانەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ۆمەڵگەیان داوە، تا لە ۱٦ ڕۆژی بەرەنگاربونەوەدا ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان بۆستینەوە، بە ٥۳ ماسک دەمووچاوی خۆمان شاردەوە کە ئاماژەبوو بۆ کوشتنی ٥۳ن کە لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا کوژراون، لە ماوەی ئەم ۱٦ ڕۆژەدا تەواوی جیهان هۆشداری و چالاکی ئەنجام دەدەن تا ژنان لە مافەکانیان هۆشیار بکەنەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: توندوتیژییەکان لە چەندین جۆردا خۆی دەبینێتەوە، توندوتیژییەکان ئەلکترۆنی و دەسترێژی وکوشتن و چەندین جۆری درندانەی دیکە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ژنان دەچەوسێندرێنەوە کە ئەقڵیەتەکەی بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، دەبێت تەواوی ژنان هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بدەین.