لە ١٠ ساڵدا نزیكەی دوو هەزار و ٧٨٦ ژن لە یەمەن لەلایەن حوسییەكانەوە كوژراون

تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، حوسییەکان پێشێلکارییان بەرامبەر بە زیاتر لە ١٠ هەزار ژن کردووەو لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا حوسییەکان دوو هەزار و ٧٨٦ ژنیان کوشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی حوسییەکان دژ بە ژنانی یەمەن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، حوسییەکان لە ماوەی ساڵانی کۆنترۆڵکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی یەمەن و گەمارۆدانی بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتە پێشێلکارییان بەرامبەر بە زیاتر لە ١٠ هەزار ژن کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا حوسییەکان دوو هەزار و ٧٨٦ ژنیان کوشتووە، چوار هەزار ژنی دیکەش بریندار بوون، ٤٤٧ ژن ڕفێنراون کە ٦٩ کەسیان لە زیندانی نهینی بێسەروشوێن بوون و ٧٨ کەسی دیکەش ئەشکەنجەدروان.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، چالاکوانانی یەمەن هەڵمەتێکیان ڕێکخستووە بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی حوسییەکان لە بەرامبەر ژنانی یەمەن.

 

تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بەپەلە دەستێوەردان بکەن و دژی ئەم تاوانانە بوەستنەوە، هەروەها فشار بخەنە سەر میلیشیاکان بۆ وەستاندنی هێرشە سیستماتیکەکانیان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان.