کژار: توندوتیژییەکانی سەر ژنان و منداڵان شەرمەزار دەکەین
کژار ڕووداوی توندوتیژییە پیاوسالارییەکەی سەر دوو کچە منداڵەکەی شاری سنەی شەرمەزا کرد و ڕایگەیاند، هەموو جۆرە توندوتیژیی و دەستدرێژییەک بەرامبەر بە ژنان و منداڵان شەرمەزار دەکەین، کێشەکانی ناو خێزان تەنها کێشەی کەسی نین، بەڵکو کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ڕاگەیاندراوێکدا توندوتیژییە خێزانییەکەی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی شەرمەزا کرد.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەم شێوەیە:
“ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە جاران دەبینە گەواهیدەری دەستدرێژیی و توندوتیژیی، نەک تەنیا لە دژى ژنان، بەڵکوو لە دژی منداڵانیش، ئەو منداڵانەی کە لە ژیانێکی ئاسایی لەژێر سایەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێبەش کراون، لەبری ئەوەی لە منداڵێتیی خۆیان بژین، دەبنە قوربانیی توندوتیژیی خێزان یان دەستدرێژیی زایەندیی کەسانی دەوروبەریان، نمونەی ئەمەش ئەشکەنجەدانی دوو منداڵی بێتاوانە، لە سنە کە لەلایەن خێزانەکەی خۆیانەوە ئەشکەنجە دراون. ئەم ئەشکەنجەدانە لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی لەم تەمەنە بچووکەدا بریندار ببن و ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێن. ئەزموونکردنی شتێکی ئاوا لەم تەمەنەدا دەکرێت ببێتە تراوما “زەبری دەروونی” و لە داهاتوودا دەرئەنجامی قورس و مەترسیدار لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.
باوک، کە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەک نوێنەری چەقی دەسەڵات لەناو خێزاندا سەیر دەکرێت، توندوتیژیکردن بەرانبەر بە ئەندامانی دیکەی خێزانەکە بە مافی خۆی دەزانێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە بەردەم یاسا بنەڕەتییەکانی پیاوسالاری و پیرسالاریداین، نە لە هیچ کام لە ڕێساکانی ئەم یاسایەدا ڕێگرییەک لە دژی ئەو توندوتیژییانە هەیە کە لەلایەن پیاوانەوە دەکرێن، نە بۆنێکیش لە پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان بەدی دەکرێت.
منداڵان، کە زۆرجار تووشی کێشەی خێزانیی دەبن، لە ڕاستیدا، بەبێ ویستی خۆیان، تەنانەت لەناو خێزانەکەی خۆیاندا، دەبنە قوربانیی بیرکردنەوەی پاوانخوازانە و سیستەمی دەوڵەتی-نەتەوە. بەبێ ئەوەی مافی بڕیاردانیان هەبێت لەسەر ژیانی خۆیان، ناچارن قبوڵیان بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە منداڵان لە ڕووی جەستەیی، دەروونی و ئابوورییەوە وابەستەی خێزانەکانیانن، پشتگوێخستنی ئەو کێشانە دەبێتە هۆی کاری زۆرەملێی منداڵان و ئالوودەبوونیان بە ماددەی هۆشبەر و تەنانەت خۆکوشتنی زۆرەملێ.
ئێمە وەک کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"هەموو جۆرە توندوتیژیی و دەستدرێژییەک بەرامبەر بە ژنان و منداڵان شەرمەزار دەکەین، کێشەکانی نێو خێزان تەنها کێشەی کەسی نین، بەڵکو کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشن، ڕەگ و ڕیشەیان لە سیستەمێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هەموو جۆرەکانی ئیستغلالکردن لەخۆدەگرێت، جا پیاوسالاری بێت، چینایەتی بێت یان پلەبەندی.
بۆیە دەتوانین کێشەکانمان نەک لە ڕێگەی توندوتیژییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پەروەردە و ڕێکخستن و دامەزراندنی ئەنجوومەنی دادپەروەری ناوچەییەوە هاوبەش بکەین و بە شێوەکی کۆلەکتیڤ دژی ئەو هەموو توندوتیژییە بنەڕەتییەکان بوەستینەوە.
نا بۆ توندوتیژیی دژی ژنان و منداڵان
ژن، ژیان، ئازادی.”