ماراسۆنی پاسکیلسواری ژنان لە بەغدا بەڕێوەچوو

ماراسۆنی پاسکیلسواری ژنان لە بەغدا بەڕێوەچوو، وێڕای مشتومڕە جیاوازەکان، هاوڵاتیان وەک دەستپێشخەرییەک پێشوازیان لێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ماراسۆنی پاسکلسواری ژنان لە ناوچەی سەدر لە ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو.

 

سوعاد حەسەن جەوهەری، ڕێکخەری ماراسۆنەکە بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەی بەوەداوە، " ئامانج لە ماراسۆنی پاسکیلسواری ژنان بڵاوکردنەوەی کولتووری پاسکیلسواری ژنانە، بەو پێیەی ئامرازێکی ئابووری و وەرزشییە."

 

ئەنجامدانی ماراسۆنی پاسکیلسواری لە ناوچەی سەدری بەغدا، مشتومڕی لایەنە جیاوازەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، وێڕای ئەوەی پاسکیلسواری ژنان بە پێی یاسا ڕێگەپێدراوە، بەڵام تا ئێستا بە کۆمەڵگەی عێراق نامۆیە.

 

سوعاد حەسەن باسی لەوەکردووە ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە و وتی: " ئێمە چووینە شاری سەدر بۆ ئەوەی پەیامێکی پەروەردەیی بگەیەنین، خەڵکی شاری سەدر بە دڵسۆزانە پێشوازییان لێکردین، سەرمان سوڕما لە خۆشحاڵی ئامادەبووان سەر شەقامەکان."

 

ماراسۆنەکە لە گۆڕەپانی ٥٥ تا شەقامی فەلاح لە ناوچەی سەدری بەغدا دەستی پێکرد، بە شەقامەکانی شارەکەدا تێپەڕین، بە بەشداری کۆمەڵێک ژن و منداڵ، هاوڵاتیانیش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێکردن.

 

شایەنی باسە ئەنجامدانی ماراسۆنی پاسکیلسواری ژنان لە بەغدا یەکەمجار نەبوو، ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزشی سەدر یەکەمین ماراسۆنی پاسکیلسواری بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی جێگری یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، بە بەشدارییەکی بەرفراوانی وەرزشوانان و گەنجان، بە ئامادەبوونی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شاری سەدر.

 

پێشبڕکێکە لە ناوچەی مەشتەل لە بەغدای نوێوە بەرەو ناوچەی ئسەدر دەستی پێکرد، کە هێڵی کۆتایی لە یاریگای نێودەوڵەتی مەدینە بوو.